قەتەر وردەکاریی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و نێوەندگیرەکان لە دەوحە ئاشکرا دەکات

یەسنا ئومێد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
مەجید ئەلئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر
مەجید ئەلئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند شاندی ئەمریکی تەنیا لەگەڵ نێوەندگیرانی وڵاتەکەی کۆدەبنەوە و هیچ کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام نادرێت. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە 6 ملیار دۆلارە بلۆککراوەکە تاوەکو ئێستا بۆ تاران نەنێردراوە و هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی گەرووی هوورمز بەردەوامن.

کۆبوونەوەی شاندی ئەمریکی لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری

مەجید ئەلئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکەوە ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، شاندی دانوستانکاری ئەمریکا، لە دەوحە لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری کۆدەبنەوە و باس لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان دەکەن.

ڕەتکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران

بەگوێرەی ئەو بەرپرسە قەتەرییە بێت، هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز لەنێوان شاندی ئەمریکی و ئێرانی ئەنجام نادرێت.

چارەنووسی 6 ملیار دۆلارە بلۆککراوەکەی ئێران

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەبارەی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانەوە دەڵێت، ئەو پارەیە کە بڕەکەی 6 ملیار دۆلاری ئەمریکییە تاوەکو ئێستا بۆ تاران نەنێردراوە و دەبێت هەردوولا ڕێکبکەون تاوەکو پارەکە بنێردرێت.

ئاسایشی گەرووی هوورمز و مافی وڵاتانی کەنداو

بەرپرسەکەی قەتەر لەبارەی جووڵەی کەشتییەکانی گەرووی هوورمزەوە دەڵێت، لەگەڵ عوممان هەماهەنگی دەکرێت تاوەکو ڕێڕەوێکی سەلامەت دروست بێت، کاری پێشینەی قەتەریش دروستکردنی هاتووچۆیەکی سەلامەتە بە گەرووی هوورمزدا، چونکە ئەمە مافی هەموو وڵاتانی کەنداوە و داخستن و هەڕەشەش لەسەر گەرووەکە قبووڵ ناکەن.

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاککردنەوەی مین لە گەرووەکە

قەتەر لەبارەی پاککردنەوەی گەرووی هوورمز لە مینی چێنراو، هەوڵەکانی فەڕەنسای بەرز نرخاند.

کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی ناوچەکە

گوتەبێژەکەی قەتەر لەبارەی گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە ڕایگەیاند، ئێستا کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە بۆ بەر لە جەنگ دەکەن.

پێشبینییەکانی میدیای ئەمریکی بۆ کۆبوونەوەکان

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدایە هەر دوێنێ دووشەممە، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی ئەمریکی و ئێرانی لە قەتەر لەسەر گەرووی هوورمز کۆدەبنەوە.

یەسنا ئومێد

1 کاتژمێر پێش ئێستا