وردەکاریی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە؛ "چاکسازییەکە بە سێ قۆناغە و دەڤەرەکان کارگێڕی و دارایی خۆیان دەبێت"

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە

فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێکردنی مەشقێکی هاوبەشی لەنێوان فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو ڕاگەیاند. ئەم کایە سەربازییە بەشێکە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتەکە و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی کۆنترۆڵ و کاری پێکەوەییە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا.

ئامانجی مەشقە هاوبەشەکەی پێشمەرگە

فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ لەبارەی دەستپێکردنی مەشقێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو ڕایگەیاند، بۆ بەهێزکردنی فەرماندەیی کۆنترۆڵ و کاری پێکەوەیی نێوان دەڤەرەکان و وەزارەتە، مەشقەکەش بەشێکە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتەکەی و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا.

سێ قۆناغەکەی پرۆسەی چاکسازی

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە بۆڵتەنی کەناڵ8ـدا لەبارەی قۆناغەکانی چاکسازییەوە ڕایگەیاند، چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە بە سێ قۆناغ پۆلێن دەکرێت، ڕێکخستنەوەی هێزەکان قۆناغی یەکەمە و تەواو بووە و یەکخستنەوەی هێزەکان قۆناغی دووەمە و کەمێکی ماوە، هەرچی قۆناغی سێیەمە بەتواناکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە و ڕەنگە مانگی ئەیلوول یاخود ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت، جەختیش دەکاتەوە ئەم پرۆسەی چاکسازییە پرۆسەیەکی بەردەوامە و دەبێت بەردەوام کاری لەسەر بکرێت.

دابەشبوونی دەسەڵاتەکان لە سیتسمی نوێدا

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دەسەڵاتەکانی فەرماندەیی دەڤەرەکان و وەزارەتەوە باسی لەوەکرد، دەڤەری یەک و دوو دەسەڵاتی خۆیان هەیە و لە سەرەوە بە فەرمان ئاماژە بەوەکراوە، دەسەڵاتی ئۆپراسیۆن، کارگێڕی و دارایی خۆیان هەیە، هەرچی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیر و ئەمیندار و سوپاسالارە دەسەڵاتی خۆیان هەیە.

ڕەزامەندیی هاوپەیمانان لە مەشقە هاوبەشەکان

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی گرنگیی ئەنجامدانی ئەم مەشقانەوە ئاماژەی بەوەشکرد، مەشقی هاوبەش کاری پێکەوەیی، متمانە و کۆنترۆڵیش زیاد دەکات، هاوکا ت هاوپەیمانان خۆشحاڵن بە بەڕێوەچوونی مەشق و کاری پێکەوەیی.

گۆڕانکاری لە پێکهاتەی هێزەکانی 70 و 80

بەگوێرەی فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، هەر دەڤەرێک لە ئاستی فەیلەقدایە، لە خوار ئەوان فیرقە، لیوا و فەوج هەیە. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی گۆڕینی ناوەڕۆکی یەکەکانی 70 و 80ـەوە گوتی، "لەگەڵ ناودا ناوەڕۆکی هێزەکانی 70 و 80 دەگۆڕدرێت، بەرەوپێشچوون هەیە، بەڵام ئەوە پێویستی بە کاتە و هەموو هێزەکانی پێشمەرگە ڕێکخراون و یەک تەشکیلەن".

پڕچەککردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لە داهاتوودا

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پلانەکانی داهاتووی هێزەکانەوە جەختیش دەکاتەوە، لە داهاتوودا دەست دەکەن بە بەتواناکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە پڕچەککردن و ڕاهێنان و ئامادەییان، لەگەڵ دەوڵەمەندکردنیان بە تەکنەلۆجیا و بەرەوپێشبردنیان.

مێژووی ڕێکخستنەوە و بەرزکردنەوەی پلەکان

بەختیار محەممەد لەبارەی دەرچوونی فەرمانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانەوە ڕوونیکردەوە، لە ساڵی 2010ـەوە وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکخراوەتەوە و هەر کەسێک پلەی بەستبێت یاخود پلەی بەرزکرابێتەوە، ئەوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمەوە فەرمانەکەی دەرچووە.

داواکاری بۆ درێژکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی پێویستیی هێزەکانیان بە هاوکاریی دەرەکی هیوای خواست یاداشتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا درێژ بکرێتەوە، چ دووقۆڵی بێت یاخود لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە و پێشمەرگە بەشێک بێت لە ڕێککەوتنەکە، لە کۆتاییدا گوتی، "وەزارەتی پێشمەرگە پێویستی بە ئەزموون و شارەزایی هاوپەیمانان هەیە".

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا