وەزارەتی دادی عێراق دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی خالید شوانی ڕەتدەکاتەوە

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی دادی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی دادی عێراق

وەزارەتی دادی عێراق سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە لەبارەی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی خالید شوانی، وەزیری داد بڵاوکراونەتەوە. وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو بەردەوامە لە ئەرکەکانی و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەموو ئەو پەیج و میدیایانە دەگرنە بەر کە بە مەبەستی ناوزڕاندن ئەم هەواڵە ساختانە بڵاو دەکەنەوە.

ڕەتکردنەوەی دەنگۆی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر

وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی دەنگۆی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتەکەوە ڕەتیکردەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی خالید شوانی وەزیری داد دەستگیرکرابێت و دەڵێت، ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

ڕوونکردنەوەی فەرمانگەی ڕاگەیاندن

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە لەسەر دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق سەرلەبەری ساختەن و دوورن لە ڕاستییەوە.

دۆخی یاسایی و کارگێڕیی ناوبراو

بەرپرسانی وەزارەتەکە لەبارەی پابەندبوونی یاسایی ئەو فەرمانبەرەوە دووپاتیشیان کردووەتەوە، "ناوبراو بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە فەرمییەکانی خۆی و نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستادا هیچ كێشەیەكی یاسایی نەبووە و نییە، بەڵكو نموونەی فەرمانبەری دڵسۆز و دەستپاکە بە شایەتیی ڕاپۆرتی دەزگا چاودێرییەکان".

تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر میدیاکان

وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی ئامانجی پشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانەوە دەڵێت، ئەو هەواڵانە تەنیا ئامانجیان ناوزڕاندنی وەزارەتی داد و بەرپرسەکانیەتی، هەر بۆیە سکاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەناڵ و پەیج و دەزگایانە تۆمار دەکات کە ئەم هەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا