ستارمەر: لە چوار ساڵی داهاتوودا 400 ملیار دۆلار بۆ بەرگری تەرخان دەکرێت

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی بەریتانیا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێک دەربارەی نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا. فۆتۆ: AFP
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی بەریتانیا لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێک دەربارەی نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا. فۆتۆ: AFP

سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە چوار ساڵی داهاتوودا نزیکەی 400 ملیار دۆلار بۆ نوێکردنەوە و بەرەوپێشبردنی هێزە چەکدارەکانییان خەرج دەکەن، بڕیارەکەش لە دوای زیادبوونی هەڕەشە جیهانییەکانە.

لە کۆتایی جەنگی ساردەوە بە گەورەترین بودجەی بەرگری دادەنرێت

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی بەریتانیا لە گوتارێکیدا ڕایگەیاند، "ساڵی ڕابردوو، لەبەر بەرژەوەندیی نیشتیمانی بڕیارمدا خەرجی بەرگریی زیاد بکەین و لە کۆتایی جەنگی ساردەوە ئەمە زۆرترین بڕە پارەیە لەو سێکتەرە خەرج بکرێت".

پلانی 10 ساڵی بۆ وەبەرهێنان لە بواری بەرگریدا

ستارمەر ڕایگەیاند، ئەوە بڕیارە ڕاستەکەیە چونکە جیهان ئێستا گۆڕاوە، ئاسایشی نیشتیمانیش ئاسایشی ئابووریی وڵاتەکەیە، لێرەشدا پلانە 10 ساڵییەکەی بۆ وەبەرهێنان لە بەرگریی وڵاتەکەی ئاشكرا کرد.

زیاتر لە شەش ملیار بۆ درۆن تەرخان دەکرێت

بەگوێرەی ستارمەر هەر ئەمڕۆ خەرجی بەرگریی بەبڕی نزیکەی 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی زیاد دەکرێت و بەوەش بڕەکەی دەگاتە 400 ملیار دۆلار، لەو پلانە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بۆ درۆن و سیستمە سەربەخۆکانی دیکە تەرخان دەکرێت.

پلانی بەرگری دوای دەستلەکار کێشانەوەی ستارمەر ئاشکرا کرا

ئەم ڕاگەیێنراوەی سەرۆکوەزیران لە کاتێکدایە چەند مانگێکە داوا لە حکومەتی پارتی کرێکاران دەکرێت سەرچاوەکان بەکاربهێنرێت تاوەکو هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا نوێ بکرێتەوە، بەڵام پلانەکە لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی ستارمەر ئاشکرا کرا.

دەستلەکار کێشانەوەی دوو وەزیری بەرگری

سەرەتای ئەم مانگە دوو وەزیری بەرگری لەسەر خەرجییەکان و ئەو بڕە پارەیەی بۆ بەرگریی تەرخان دەکرێت دەستییان لەکارکێشایەوە.

سەرەتای مانگی داهاتوو ستارمەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی جێدەهێڵێت، دوای ئەوەی پاڵپشتی پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاران لە دەستدا .

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا