حکومەت چوار ملیار دینار پارەى کارەباى سەرمایەدارێک قەرزارە
حکومەتى هەرێمى کوردستان قەرزارى سەرمایەدارێکە کە چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەسەدا %65ـى کۆى بەرهەمى کارەبا دەکات، بەڵام ئامادە نییە لە پارەى پڕۆژەى ڕووناکى کە لەڕێگەى ئی پسوڵەوە وەریدەگرێت بەشێک لە قەرزەکانى بداتەوە، ئەو سەرمایەدارەش پەناى بۆ وەزیرى دارایی برد.
خەرجکردنی شایستە داراییەکانی گروپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل
ئەمڕۆ چوارشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی پێشوازی لە ئەحمەد ئیسماعیل سەرمایەدار کردووە و پرسی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبای گرووپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیلیان تاوتوێکردووە.
پشتیوانی لە داواکارییەکانی کۆمپانیاکە
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى فەرمى وەزارەتى دارایى، ئاوات شێخ جەناب پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکانى ئەحمەد ئیسماعیل دەربڕیوە و سوپاسى کردووە سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی چەندین ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەڵام گرووپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل لە دابینکردنی کارەبا بەردەوام بووە.
دابینکردنی لە 65%ـی پێداویستی کارەبای هەرێمی کوردستان
کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی سێ وێستگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەتوانای بەرهەمهێنانی چوار هەزار مێگاوات کە دەکاتە نزیکەی لە 65%ـى پێداویستی کارەبای هەرێمی کوردستان.
بڕی قەرزی کۆمپانیاکە لای حکومەت
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، کە لە بەرپرسێکى وەزارەتى دارایی دەستیکەوتووە، ئەحمەد ئیسماعیل زیاتر لە چوار ملیار دۆلارى لاى حکومەتە و قەرزەکەش لە پاش ساڵى 2014ـەوە کەڵەکە بووە.
ئەحمەد ئیسماعیل، داواى کردووە لە پارەى کارەباى پڕۆژەى ڕووناکى کە لەڕێگەى ئی پسوڵەوە وەردەگیرێت، بەشێک لە قەرزەکەى پێبدرێتەوە.
پارەی ئی پسوڵە ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی
بەرپرسەکەى دارایی جەختیکردەوە، پارەى ئى پسوڵە ناگەڕێتەوە وەزارەتى دارایی و لاى نووسینگەى سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستانە، گوتیشى" ئەحمەد ئیسماعیل نیگەران بوو لەوەى قەرزەکان لەسەر حکومەت زیاد بووە و داواى هاوکارى لە وەزیرى دارایی کرد و ئاوات شێخ جەنابیش وەک وەزیر بەڵێنیپێدا هاوکار بێت تاوەکو مانگانە چەند لە توانادا بێت پێى بدرێتەوە".
مەقاسەکردنی قەرزاکانی سەر کۆمپانیاکە
هاوکات، ئەحمەد ئیسماعیل، بژاردەیەکى دیکەى خستووەتە بەردەم وەزیرى دارایی، ئەگەر ناتوانن بڕى پێویست لەو قەرزانە بدەنەوە، بەشێک لە پارەى قەرزەکانى بۆ مەقاسە بکەن، کە مەبەست لێى ئەو پارانەى دەکەوێتە سەر کۆمپانیاکانى ناوبراو حکومەت لێى وەرنەگرێت و لە قەرزەکانى مەقاسەى بکات، بۆ ئەوەشیان وەزیرى دارایی پاڵپشتى داواکارییەکەى کردووە.
ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مامەڵەی پارەدان لە ڕێگەی ئی-پسووڵەوە کراون، حکومەتى کاربەڕێکەر ئەمەى وەک بەرەوپێشچوونێکی گرنگ لە پارەدانی دیجیتاڵی ناوبردووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا