لێخۆشبوونى 20% بۆ سزاکانى شۆفێران درێژکرایەوە

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان

وەزارەتى ناوخۆ بەشێوەیەکى زارەکى بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتووچۆى ئاگادارکردووەتەوە، لێخۆشبوونى 20% بۆ سزاکانى شۆفێران درێژکراوەتەوە.

وادەى لێخۆشبوونەکە درێژکرایەوە

ئەمڕۆ 30ـى حوزەیرانى 2026، لێخۆشبوونى 20% بۆ سزاکانى شۆفێران کە بە سزاکانى هاتوچۆ ناسراوە کۆتاییهات، بەڵام وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، وادەى لێخۆشبوونەکەى درێژکردەوە.

بەشێوەی زارەکی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادار کراونەتەوە

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8، وەزارەتى ناوخۆ ئەمڕۆ لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هاتوچۆى هەرێمى کوردستانەوە، بە شێوەى زارەکى، هاتوچۆى سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەرچى ئەمڕۆ دوا وادەى لێخۆشبوونى 20%ـى سزاکانى هاتوچۆ بووە، بەڵام سبەى و ڕۆژانى دواتر بەردەوامبن لە کارکردن بە بڕیارى پێشوو.

وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران

هەر بەگوێرەى بەدواداچوونەکە، وەزارەتى ناوخۆ گوتوویەتى، ڕەزامەندى ئەنجوومەنى وەزیران وەرگیراوە بۆ بەردەوامبوونى لێخۆشبوونەکە، تاوەکو بە نووسراوى فەرمى بڕیارەکەیان پێدەگات، هەر سزایەکى کۆن و نوێ لەسەر شۆفێران بوو، لێخۆشبوونى 20%ـى بۆ بکەن.

بڕیارى لێخۆشبوونى 20%، تەنیا سزاکان دەگرێتەوە و ڕسوماتەکانى تۆمارکردنى ئۆتۆمبێل و گۆڕینى خاوەنداریەتى و نوێکردنەوەى ساڵانە و مۆڵەتى شۆفێرى، بەهەمان بڕیار و ڕێنماییەکانى پێشووە و هیچ لێخۆشبوونێکى لەسەر نییە.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا