قوباد تاڵەبانی: یەکێتی جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال، ڕایگەیاند، یەکێتی نەک تەنیا رێگر نییە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵکو جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە.
یەکێتی نەک تەنیا رێگر نییە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵکو جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە
قوباد تاڵەبانى، لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتى لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕایگەیاند، هەموو دۆستان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئاگاداری هەڵوێست و بۆچوونی یەکێتین، یەکێتی نەک تەنیا رێگر نییە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵکو جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە.
بەشداریکردن لە حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە
گوتیشی، هەر لە دەستپێکی دانووستانەکانەوە یەکێتی ڕایگەیاندووە بەشداری لە حکومەتێکدا دەکات کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە پێکهاتبێت و ئەم هەڵوێستەش لە پابەندبوونی یەکێتییەوەیە بەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستانی داوە.
یەکێتی پێگەیەکی کاریگەر و بەهێزی هەیە
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال، ڕاشیگەیاند، یەکێتی لەم قۆناغەدا لە بەغداد پێگەیەکی کاریگەر و بەهێزی هەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە حیساب بۆ هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتی لەسەر پرسە گرنگەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانى، داوای لە پەرلەمانتارانی یەکێتی کرد، سەرباری ئەوەی کە پەرلەمان کارا نییە، بەڵام ئەرکەکانی خۆیان بەرامبەر بە دەنگدەران و خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن و ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی هاونیشتمانییان بکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا