وردەکاری ڕێوڕەسمى ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی بڵاوکرایەوە
هەفتەی داهاتوو، ڕێوڕەسمی پرسە و ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران بەڕێوەدەچێت و تەرمەکەی دەهێنرێتە عێراق.
ڕۆژی 3ـی تەمموزی داهاتوو دەستپێدەکات
عەلی ئەکبەر پوورجەمشیدیان، ئەمینداری لیژنەی نیشتمانیی ڕایگەیاند، ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی 3ـی تەمموزی داهاتووەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
30 وڵات داواکاری پێشکەشکردووە بۆ بەشداریکردن
عەلی ئەکبەر ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک و گەورە بەرپرسانی زیاتر لە 30 وڵات و زانا و بیرمەند و زانای ئایینی لە 90 وڵاتەوە بەفەرمیی داواکارییان پێشکەشکردووە، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی.
ئامادەکاری بۆ هاتنی کاروانە جەماوەرییەکان
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای شاندە فەرمییەکان، دەیان کاروانی جەماوەریی گەورە لە وڵاتانی وەک عێراق، پاکستان و ئەفغانستانەوە، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکە، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هاتنی ئەو کاروانانە.
وردەکاری ڕۆژانی دەستپێکردنی ڕێوڕەسمەکان
بەگوتەی پورجەمشیدیان، ڕۆژی هەینی 3ـی تەمموز، ڕێوڕەسمی فەرمیی و ناوەندی لە تاران بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی وڵاتان و گەورە بەرپرسان و سەرکردە ئایینیەکان سەرەخۆشی خۆیان پێشکەش دەکەن لەبەردەم تەرمی عەلی خامنەیی.
دەشڵێت، ڕۆژی شەممە 4ـی تەمموز دەرگای مەزاری ئیمام خومەینی دەکرێتەوە لە تاران، بۆ پێشوازیکردن لەو کەسانەی ئارەزوومەندن پێشوازی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی بکەن.
بە گوتەی پوورجەمشیدیان، ڕۆژانی 4 و 5ـی تەمموز لە تاران پشووی فەرمی دەبێت، هەروەها ڕۆژی 6ـی تەمموز لە تەواوی ئێران دەکرێت بە پشوو، لەپێناو ئاسانکاری بۆ بەشداریی هاوڵاتییان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی.
300 ڕۆژنامەوانی بیانی ڕووماڵی ڕێوڕەسمەکە دەکەن
عەلی ئەکبەر پوورجەمشیدیان باسیلەوەشکرد، هەزاران ڕۆژنامەوان و وێنەگر، کە زیاتر لە 300 ڕۆژنامەوانی بیانییان تیادایە، ڕووماڵی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران دەکەن.
ڕۆژی 8ـی تەمموز دەهێنرێتە عێراق و دەبرێتە شارەکانی نەجەف و کەربەلا
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی، پوورجەمشیدیان دەڵێت، تەرمی خامنەیی ڕۆژی 8ـی تەمموز، دەگوازرێتەوە بۆ عێراق، لە فڕۆکەخانەی بەغداد یان نەجەف بەرپرسانی باڵا و فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە پێشوازی لە تەرمەکەی دەکەن و دواتر ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف و تاوەکو دەگاتە مەزاری ئیمام عەلی بەڕێوەدەچێت.
پڕۆگرامی ڕێکخراو و ئامادەکاری لە عێراق
ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسلەوە دەکات، بەرپرسانی تاران و بەغداد بەگوێرەى پرۆگرامێکی ڕێکخراو و دیاریکراوە، ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە دەکەن لە عێراق.
دەشڵێت، هۆکاری بەڕێوەچوونی بەشێک لە ڕێوڕەسمەکە لە عێراق، بۆ پێگەی فیقهی و مەرجەعە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها حکومەت، پەرلەمان، سەرۆک هۆز و گەلی عێراقیش داوایان کردووە لەو وڵاتە ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی بکەن، لە شارە پیرۆزەکاندا دەگێڕدرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا