بەشێک لە بەرپرسە عێراقییەکان لە تورکیا موڵک دەکڕن
لەگەڵ ئۆپراسیۆنی هەڵمەتی بەرەبەیان، کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی 28ـی حوزەیران لە شاری بەغدادەوە دەستیپێکرد و تێیدا ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکران، چاوەکان چوونە سەر ئەو پارە و موڵکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەتایبەت ئەو موڵکانەی لە وڵاتانی دیکە کڕدراون.
دەستبەسەراگرتنی 12 موڵک لە تورکیا
ڕۆژی 29ـی حوزەیران، دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، دەست بەسەر 12 موڵک لە تورکیا دا گیراوە، کە بەناوی هاوسەری بەڕێوەبەری پێشووی باجی عێراقەوە بووە.
کڕینی موڵک بە ئامانجی سپیکردنەوەی پارەی بەرپرسان
ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى بەشێک لە بەرپرسانی عێراق، بۆ سپیکردنەوەی پارەکانیان، لە وڵاتانی دراوسێ و جیهان موڵکیان کڕیوە، یەکێک لەو وڵاتانەش تورکیایە.
ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، ئەو بڕە زۆرە لە موڵک دەردەخات، کە لەلایەن عێراقییەکانەوە لە تورکیا کڕدراوە و نازانرێت چەند لەو کەسانە بەرپرسانی عێراقن، چونکە وەک هاوڵاتی ئاسایی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و موڵکەکانیان کڕیوە.
ئاماری کڕینی موڵکی عێراقییەکان لە تورکیا
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە ساڵی 2022ـدا هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە پلەی چوارەمی ئەو بیانییانەدا بوون کە زۆرترین موڵک و یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە و لەو ساڵەدا شەش هەزار و 241 یەکەیان کڕیوە.
هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی سێیەمدان
وەک دامەزراوەکەدا ئاماژەی بۆ کردووە، لە ساڵی 2023ـدا، کڕینی موڵک و یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن بیانییەکانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام هێشتا هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی سێیەمدا بوون و هەزار و 917 یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە.
ئاماری دوو ساڵی ڕابردوو
لە ساڵی 2024ـدا، کڕینی لەلایەن بیانییەکانەوە هەر لە نزمیدا بووە، بەڵام هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی چوارەمدا بوون و هەزار و 302 یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە. لە ساڵی 2025ـیشدا، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی چوارەمدا ماونەتەوە و هەزار و 292 یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە.
ئاماری ئەمساڵی کڕینی موڵک لە تورکیا لە لایەن عێراقییەکانەوە
ئەمساڵیش هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامن لە کڕینی موڵک و یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام دامەزراوەکە تەنیا ئاماری سێ وڵاتی یەکەمی بڵاوکردووەتەوە و زۆربەی مانگەکانی ئەمساڵیش عێراق لە پلەی چوارەمدا بووە، تەنیا مانگی شووبات نەبێت کە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی سێیەمدا بوون و 106 یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە.
دۆسیەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت دۆسیەکە، پەردە لەسەر ئەو سەدان ملیۆن دۆلارەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لابدات کە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی عێراقەوە بردران و لە وڵاتانی دیکە سپیکراونەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا