دادگا بەردەوامە لە کارکردن لەسەر دۆسیەکانى ڕاکان جبوورى

ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
راکان جبوری، پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە وەکالەت، پێشتریش لەسەر چەند دۆسییەیەکەی گەندەڵی لە بەغداد دەستگیرکرابوو
راکان جبوری، پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە وەکالەت، پێشتریش لەسەر چەند دۆسییەیەکەی گەندەڵی لە بەغداد دەستگیرکرابوو

دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و دادگاى دەستپاکى، بەردەوامن لە کارکردن لەسەر ئەو سکاڵایانەى لە دژى ڕاکان جبوورى، پارێزگارى پێشووى کەرکووک بەتۆمەتى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى گشتى لەسەرى تۆمارکرابوو.

دیاترین سکاڵاکانی سەر ڕاکان جبوری

دیلان غەفور، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەساڵى 2019 چەند سکاڵایەکى لە دژى ڕاکان جبوورى تۆمارکردووە، ئەوکات ڕاکان جبوورى پارێزگارى کەرکووک بووە، سکاڵاکان خۆیان دەبیننەوە لە گەندەڵى، بەهەدەردانى سامانى گشتى و زیادەڕەوى لە بەکارهێنانى دەسەڵاتەکانى.

سیستی کارکردن لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی

گوتیشى، دادگا بەردەوامە لەکارکردن لەسەر دۆسیەکان، چەند جارێک بانگکراوەتە بەردەم دادگا، بەڵام لە عێراق کارکردن لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵى زۆر بەسستى بەڕێوەدەچێت، بۆیە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا پارێزبەندی نییە

دیلان غەفور دەڵێت" ڕاکان جبورى ئێستا ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگایە، بەڵام هەرکات دادگا بیەوێت دەبێت لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، چونکە لە عێراق تەنیا ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران پارێزبەندیى هەیە.

ڕاکان جبوورى، حەوت ساڵ پارێزگارى کەرکووک بوو بە وەکالەت، لە پاش هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کۆتایی ساڵى 2023، لە مانگى ئابى ساڵى 2024 لەپۆستەکەى لابرا و ڕێبوار تەها لە پشکى کورد و یەکێتى بووە پارێزگارى شارەکە.

ئارام قەرەداغی

1 کاتژمێر پێش ئێستا