فوئاد حسێن: عێراق هێرشەکانى سەر وڵاتانى کەنداو و جەنگى ئێران ڕەتدەکاتەوە

دانیار فاروق 57 خولەک پێش ئێستا
کۆنفڕانسى ڕۆژنامەوانیى هاوبەشی نێوان فوئاد حسین، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ جاسم محەممەد بدێوى، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنى هاریکاریى کەنداو
کۆنفڕانسى ڕۆژنامەوانیى هاوبەشی نێوان فوئاد حسین، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ جاسم محەممەد بدێوى، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنى هاریکاریى کەنداو

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، هەموو ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر وڵاتانى کەنداو بە جەنگى ئێرانیشەوە، عێراق ڕەتیاندەکاتەوە.

پابەندبوونی عێراق بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان

فوئاد حسێن، لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیى هاوبەش لەگەڵ جاسم محەممەد بدێوى، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنى هاریکاریى کەنداو، کە بەسەردانێک لە بەغدادە، ڕایگەیاند، سەردانى سکرتێرى گشتیى ئەنجوومەنى هاریکاریى کەنداو بۆ بەغداد، لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکى دژواردا تێپەڕدەبێت، ڕوونیشیکردەوە، عێراق پابەندە بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان.

ئامادەیی عێراق بۆ دانوستان لەگەڵ کوەیت

وەزیرى دەرەوەى عێراق، گوتیشى "عێراق ئامادەی دانوستاندنە لەگەڵ کوەیت، بەمەبەستى گەیشتن بەو بڕیارانەى لە بەرژەوەندیى هەردوو وڵاتدان، ڕاشیگەیاند "هەڵوێستى عێراق جێگیرە لەبارەی جەنگ و فراوانبوونى".

ڕەتکردنەوەی هێرشەکانی سەر کەنداو و ئێران

فوئاد حسێن، جەختیشیکردەوە، عێراق هەموو ئەو هێرشانەى کرانە سەر وڵاتانى کەنداو ئێستاشى لەگەڵدا بێت، ڕەتدەکاتەوە وەک چۆن جەنگى ئێرانیش ڕەتدەکاتەوە، ئاماژەى بەوەشکرد، عێراق قوربانیى یەکەمى جەنگى ئێران بووە لە ناوچەکە.

دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت

دوپاتیشیکردەوە، سیاسیەتى عێراقى نوێ، خۆى لەوەدا دەبینێتەوە، کە دەبێت چەک لە دەستى دەوڵەتدا بێت، گوتیشى" ئامانجى حکومەتى عێراق ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵییە، هاوکات داواشى لە کۆمپانیاکانى وڵاتانى کەنداو کرد، بێن و لە عێراق وەبەرهێنان بکەن".

بەردەوامی وڵاتانی کەنداو لە هاریکاریکردنی عێراق

لایخۆیەوە، جاسم محەممەد بدێوى، سکرتێرى گشتیی ئەنجوومەنى هاریکاریی وڵاتانى کەنداو، جەختیکردەوە، وڵاتانى کەنداو لە ئەنجوومەنەکە، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنى عێراق بەمەبەستى بوژاندنەوەى وڵاتەکەى، ئاماژەى بەوەشکرد، ئاسایشى عێراق، بۆ وڵاتانى کەنداو و ناوچەکە گرنگە، ڕاشیگەیاند، هەوڵەکانى عێراق بۆ ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر وڵاتانى کەنداو، لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوودا بەرز دەنرخێنن و هیواداریشن کە ئەو جۆرە هێرشانە بوونیان نەمێنێت.

دانیار فاروق

57 خولەک پێش ئێستا