وەزارەتى نەوت: لێکۆڵینەوە لە زیادکردنى سەرچاوەکانى هەناردەى نەوت دەکەین
وەزارەتى نەوتى عێراق، ڕایگەیاند، پڕۆژەى بۆرى هەناردەى نەوت لە ڕێگەى بەندەرى بانیاسى سووریا، لەژێر توێژینەوەدایە، دەشڵێت، لە هەوڵدان دەرچەکانى هەناردەکردنى نەوتى عێراق زیاد بکەن.
هەناردەکردنی نەوتى عێراق لەڕێگەى بەندەرى بانیاسەوە لەژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندایە
سەلیم ڕوکابى، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق، بە میدیاى فەرمیى عێراقى ڕاگەیاندووە، پڕۆژەى درێژکردنەوەى هەناردەى بۆرى نەوتى عێراق لەڕێگەى بەندەرى بانیاس، لەژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندایە.
ڕوونیشیکردەوە، پڕۆژەیەک هەیە کە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بەم پڕۆژەیەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت بۆری بەسرە – حەدیسە درێژبکرێتەوە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ حەدیسە، پاشان پلان بۆ درێژکردنەوەی بۆرییەکی هاوتەریب بۆ هێڵی تورکیا دەستپێدەکات.
بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێڵی بانیاس
گوتیشى، لێکۆڵینەوە لە هێلی بانیاس بەردەوامیى هەیە، ئەگەر تەواو ببێت، ئەوا دەبێتە جێگرەوەى ئەو تانکەرانەى ئێستا نەوت دەبەنە سووریا و لەوێشەوە بۆ بەندەرى بانیاس.
دۆزینەوەی دەرچەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت
سەلیم ڕوکابى، ئاماژەى بەوەشکرد، پڕۆژەکە دەبێتە پڕۆژەیەکى زۆر باش ئەگەر بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەروەها عێراق ئێستا لە هەوڵى دۆزینەوەى دەرچەى دیکەیە بۆ هەناردەکردنى نەوتەکەى لەڕێگەى دەرچە دەریاییەکان و دەرچەى تورکیاوە، چونکە لەگەڵ داخستنى گەرووى هوورمز، عێراق ڕووبەڕووى ئاستەنگى گەورە بوویەوە لە هەناردەکردنى نەوتەکەى.
ئەم هەفتەیە فوئاد حسین و ئەحمەد شەڕع تاوتوێی پرۆژەکەیان کرد
قسەکانى گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژى دووشەممە، 29ـى ئەم مانگە، فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق، بەسەردانێک گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا بۆ قۆناغى ڕاگوزەر، کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتى پڕۆژەى بۆرى هەناردەى نەوتى عێراقى بە سپۆنسەرى کۆمپانیایەکى بیانى لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێکرد، کە بە خاکى سووریادا دەگەیەنرێتە بەندەرى بانیاسى ئەو وڵاتە لەسەر دەریاى سپى ناوەڕاست.
2 کاتژمێر پێش ئێستا