وەزارەتی کاروباری شەهیدان: زەیدی پشتیوانی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانە بۆ عێراق
عەبدوڵای حاجی مەحموود، وەزیرى کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر پرسی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
گفتوگۆکردن لەسەر پرسی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییە سیاسییەکان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا، کە ئەحمەدی مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدانی وەزارەتەکە ئامادەیبووە، لەگەڵ وەلید سەهلانی، سەرۆکی دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق، گفتوگۆیان لەسەر پرسی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆسەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکان کردووە.
زەیدی پشتیوانی لە گواستنەوەکە دەکات
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییان و گیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆسەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق دەربڕیوە.
ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندارەکان
گوتیشی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست سەبارەت بە گواستنەوەى دۆسیەکە.
بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان لە بەغداد
ئەحمەد مام ڕەسوڵ جەختی لەوەشکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە، کۆبوونەوەکانیان لە بەغداد بەردەوام دەبێت، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییان و گیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بۆسەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق.
1 کاتژمێر پێش ئێستا