مۆبایلی سەربازێکی سوپای ئیسرائیل لە سووریا دڵەڕاوکێی دروستکردووە
لە گوندێکی بچووکی سەر سنووری سووریا، ڕووداوێکی تەمومژاوی دڵەڕاوکێیەکی گەورەی لەنێو فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا دروستکردووە، ئەویش ونبوونی "مۆبایلێکی سەربازیی نهێنی"یە لە کاتی پێکدادانێکدا، بووەتە مانشێت و سەردێری میدیاکان و ترسی دزەکردنی زانیارییە هەستیارەکانی خستووەتە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە.
ڕووداوەکە لە گوندێکی پارێزگای درعا ڕوویداوە
ڕووداوەکە لە گوندی "عابدین" لە پارێزگای دەرعای باشووری سووریاوە بووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی، کاتێک تەقە و هێرشەکان بۆسەر هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەستیپێکرد و لە پێگەیەکدا لە "تەل قەدنا" خۆیان حەشاردا.
سوپای ئیسرائیل بە تۆپباران و هاوەن و دواتریش بە هێلیکۆپتەری جەنگی وەڵامی دایەوە، ئەمەش وایکرد دانیشتووانی گوندەکە ماڵەکانیان جێبهێڵن.
مۆبایلەکە هی سەربازێکی یەدەگی ئیسرائیلە
لەنێو ئەو پشێوی و پێکدادانەدا، سەربازێکی یەدەگی ئیسرائیلی مۆبایلە سەربازییە فەرمییەکەی خۆی لێدەکەوێت، کە دواتر کەوتووەتە دەست یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە.
سەربازە ئیسرائیلییەکان ناچاربوون پاشەکشە بکەن
سەربازێکی ئیسرائیلی کە لە سووریا جێگیرکراوە، لە گێڕانەوەی وردەکاریی ڕووداوەکەدا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە:"خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری پێگەکەمان کۆبوونەوە و سەربازەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن، لەنێو ئەو شڵەژان و پشێوییەدا، سەربازێک ئامێری پەیوەندییەکەی ونکرد کە زانیاریی زۆر نهێنی تێدابوو. ئەمەش ڕووداوێکی مەترسیدارە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی من، سوپا زوو پێی زانی و لە دوورەوە مۆبایلەکەی قفڵ کرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە زیاتر دزەکردنی زانیارییەکان بکات."
لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت
لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکاریی ئەو ڕێوشوێنانەی کە گرتوویانەتەبەر، تەنیا ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لای ئێمە زانراوە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیشەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
چەک و کەرەسەی سەربازیی جێهێڵراوە
میدیا فەرمییەکانی سووریاش دیمەنی گەڕانەوەی دانیشتووانی گوندەکەیان بۆ ماڵەکانی خۆیان بڵاوکردووەتەوە، لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا، چەندین کەرەستەی سەربازی و چەک نیشان دەدرێن کە دەگوترێت ئیسرائیلییەکان بەجێیان هێشتوون، لەنێویشیاندا ڤیدیۆی مۆبایلە سەربازییە ونبووەکە و پاشماوەی خواردنی سەربازەکان هەیە.
کاردانەوەی دیپلۆماسی
ئەم گرژییانە کاردانەوەی دیپلۆماسیی لێکەوتەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا سەرکۆنەی هێرش و بەزاندنی سنوورەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە پارێزگاکانی قونەیتەرە و دەرعا کرد و ڕایگەیاند، بەردەوامیی ئەم کارانە زیان بە هەوڵەکانی جێگیرکردنی ئاسایش دەگەیەنێت.
هێزەکانی ئیسرائیلیش لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، لە باشووری سووریا جێگیربوون، تەلئەڤیڤیش چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە هیچ پێشنیاز و پلانێکی بۆ پاشەکشەکردن لەو ناوچەیە لە بەردەستدا نییە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا