کۆتایی بە چاوەڕوانیی خانەنشینان دەهێنرێت؛ وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێی دەرکرد
وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتی دواکەوتنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی تازە خانەنشین دەبن، بڕیاریدا مامەڵەکانیان چەند مانگێک پێش گەیشتنە تەمەنی یاسایی تەواو بکرێت.
کێشەی خەرجنەکردنی قەرز و شایستە داراییەکان
بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە لەمساڵدا، وەزارەتی دارایی کار بە سیستەمی 1/12 دەکات، ئەمەش وایکردبوو تەنیا مووچەی یەک مانگ بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج بکرێت کە تازە خانەنشین دەبن. زۆرێک لە فەرمانبەران دوای 6 مانگ لە تەواوبوونی مامەڵەکانیان، تەنیا یەک مووچەیان وەردەگرت و پارەی مانگەکانی دیکەیان بۆ کاتێکی نادیار و دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە دوادەخرا.
میکانیزمی نوێ بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان
بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە هەر فەرمانبەرێک 2 بۆ 3 مانگ پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە 60 ساڵ، فەرمانگەکەی ناوی بەرز بکاتەوە و ڕەوانەی خانەنشینیی بکات. لەو ماوەیەدا فەرمانبەرەکە بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی مووچەی ئاسایی خۆی تاوەکو دەگاتە وادەی یاسایی خانەنشینبوونی.
دابینکردنی مووچە بەبێ پچڕان
لەمەودوا کاتێک فەرمانبەر دەگاتە تەمەنی خانەنشینبوون، بەهۆی ئەوەی پێشوەختە مامەڵەکانی تەواو کراون، لە هەمان مانگدا مووچەی خانەنشینیی بۆ دەبەسترێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی فەرمانبەرەکە تووشی هیچ گرفتێکی دارایی نەبێت و چیتر پێویستی بە وەرگرتنی مووچەی کەڵەکەبوو (قەرز) نەبێت کە پێشتر بەهۆی نەبوونی بودجەوە بۆی خەرج نەدەکرا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا