ڕێبوار تەها: نەبوونی بودجە پڕۆژەکانی کەرکووکی پەکخستووە
جێگری پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای دەکات کە نەبوونی پارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەکان هەبووە و جەختیش دەکاتەوە کە بەرهەمهێنانی کارەبا دەسەڵاتێکی تەواو فیدراڵییە.
کاریگەریی نەبوونی بودجە لەسەر پڕۆژەکانی کەرکووک
ڕێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، نەبوونی بودجە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان لە شارەکە دروستکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم قۆناغەدا، حکومەتی خۆجێیی زۆرترین گرنگی بە خزمەتکردنی گەڕەکە میلی و هەژارنشینەکان دەدات و وەک جێگری پارێزگاریش خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆسەی خزمەتگوزاریی ئەو گەڕەکانە دەکات.
دۆسیەی کارەبا و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ
سەبارەت بە تەنگژەی کارەبا، جێگری پارێزگاری کەرکووک ڕوونی کردەوە کە دۆسیەی کارەبا لە عێراقدا پرسێکی فیدراڵییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی وزە و دروستکردنی وێستگەکان بە تەواوەتی لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییە نەک پارێزگاکان، حکومەتە خۆجێییەکان هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر بڕی بەرهەمهێنانی وزەوە نییە.
ئەرکی حکومەتی خۆجێیی لە کەرتی کارەبادا
ڕێبوار تەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی حکومەتە خۆجێییەکان تەنیا لە باشترکردنی هێڵەکانی دابەشکردنی کارەبادا کورت دەبێتەوە. وتیشی، دیاریکردنی بەشەکارەبای پارێزگاکان و بڕی پێدانی وزە لە ناوەندەوە بڕیاری لێ دەدرێت و پارێزگاکان تەنیا کارەبای دابینکراو بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش دەکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا