بە خشتە و وردەکاری؛ فەرمانبەرانی هەرێم ناچار دەکرێن قەرزی 10 ساڵی سندوقی خانەنشینی بدەنەوە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک هاونیشتمانیی خانەنشین لە سلێمانی
ژمارەیەک هاونیشتمانیی خانەنشین لە سلێمانی

لە کاتێکدا سندوقی خانەنشینی لە عێراق وەبەرهێنان بە پارەکانییەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستان سندوقەکە بەتاڵە و حکومەت بڕیاریداوە قەرزی 10 ساڵی ڕابردووی لێبڕینی خانەنشینی بە شێوەی قیست لە فەرمانبەران وەربگرێتەوە.

سندوقی خانەنشینی و سەرچاوەکانی داهاتی لە عێراق

بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 27ی ساڵی 2006، سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت دامەزراوە. سەرچاوەکانی داهاتی ئەم سندوقە بریتین لە: لێبڕینی خانەنشینی لە مووچەی فەرمانبەران، بەشداریی دەوڵەت بە ڕێژەی 12%ی مووچە، داهاتی وەبەرهێنانی پارەکانی سندوقەکە، هاوکارییەکانی وەزارەتی دارایی و دیاری و بەخشینەکان. ئەم سندوقە لە عێراق بووەتە پاڵپشتێکی دارایی گەورە و لە کاتی قەیرانەکاندا قەرزی بە حکومەتی فیدراڵیش داوە.

دۆخی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان

بە پێچەوانەی عێراقەوە، سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان بەتاڵە و لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ داهاتێکی تێدا کۆنەکراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم مانگانە ڕێژەی 7%ی بەناوی لێبڕینی خانەنشینی لە مووچەی فەرمانبەران بڕیوە، بەڵام بەهۆی بەتاڵیی سندوقەکەوە، لە کاتی قەیرانە داراییەکاندا خانەنشینان ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی بژێوی بوونەتەوە.

سەپاندنی قەرز بەسەر مووچەخۆرانی هەرێمدا

بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم (گشتاندنی ژمارە 4ی ساڵی 2025)، فەرمانبەران و خانەنشینان ناچار دەکرێن قەرزی لێبڕینی خانەنشینی ساڵانی (2014 - 2024) بگەڕێننەوە. فەرمانبەران لە ماوەی 36 مانگ و خانەنشینان لە ماوەی 60 مانگدا دەبێت ڕێژەی 3%ی مووچە بنەڕەتییەکانی ئەو ساڵانە پاکتاو بکەن، هەرچەندە لەو ماوەیەدا 16 مووچەی تەواویان وەرنەگرتووە و 44 مووچەشیان بە لێبڕینەوە بۆ خەرجکراوە.

بڕی قەرزەکان بەپێی پلەی فەرمانبەری

کۆی گشتی ئەو قەرزانەی لەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان هەژمارکراوە بەپێی پلەکان بەم شێوەیەیە:

پلە 1: بڕی 4,149,300 دینار.

پلە 2: بڕی 3,337,900 دینار.

پلە 3: بڕی 2,696,200 دینار.

پلە 4: بڕی 2,208,000 دینار.

پلە 5: بڕی 1,837,000 دینار.

پلە 6: بڕی 1,552,300 دینار.

پلە 7: بڕی 1,290,860 دینار.

پلە 8: بڕی 1,048,550 دینار.

پلە 9: بڕی 831,000 دینار.

پلە 10: بڕی 633,400 دینار.

شێوازی بڕینی مانگانەی قەرزەکە

بۆ پاکتاوکردنی ئەم قەرزانە، مانگانە بڕە پارەیەک لە مووچەخۆران دەبڕدرێت. بۆ نموونە فەرمانبەرێکی پلە 1 ئەگەر لەسەر کار بێت مانگانە 115,285 دیناری لێ دەبڕدرێت، ئەگەر خانەنشین بووبێت مانگانە 69,155 دیناری لێ دەبڕدرێت. بە هەمان شێوە فەرمانبەری پلە 10 مانگانە 17,594 دیناری لێ دەبڕدرێت و ئەگەر خانەنشین بێت بڕی 10,556 دیناری لێ دەبڕدرێت تاوەکو کۆی قەرزەکە کۆتایی دێت.

قەرزی سندوقی خانەنشینی لەسەر مووچەخۆران (بە دینار):

پلە 1: 4,149,300

پلە 2: 3,337,900

پلە 3: 2,696,200

پلە 4: 2,208,000

پلە 5: 1,837,000

پلە 6: 1,552,300

پلە 7: 1,290,860

پلە 8: 1,048,550

پلە 9: 831,000

پلە 10: 633,400

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا