دهۆک گرانترین و دووکان هەرزانترین؛ جیاوازیی نرخی کەپرە گەشتیارییەکان لە شارەکانی کوردستان

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کەپەرە گەشتیارییەکان لە دهۆک گرانترینی کوردستانن و لە دووکانیش هەرزانترینن
کەپەرە گەشتیارییەکان لە دهۆک گرانترینی کوردستانن و لە دووکانیش هەرزانترینن

نرخی کەپرە گەشتیارییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 15,000 بۆ 120,000 دیناردایە و لە ڕۆژانی پشوو و جەژنەکاندا نرخەکان بۆ سێ هێندە بەرز دەبنەوە.

ئاستی نرخەکان و جیاوازیی نێوان شارەکان

بەپێی بەدواداچوونەکان، نرخی کەپرە گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان ناجێگیرە. لە پارێزگای دهۆک نرخەکان لە ڕۆژانی ئاساییدا لەنێوان 25,000 بۆ 50,000 دیناردایە، بەڵام لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی دەگاتە 120,000 دینار. لە هاوێنەهەواری دووکان نرخەکان لە 15,000 دینارەوە دەستپێدەکات و لە ڕۆژانی هەینی دەگاتە 30,000 دینار، لەکاتێکدا کەپری حکومی بە 50,000 دینارە.

کەمیی خزمەتگوزاری و ناڕەزایەتیی گەشتیاران

سەرەڕای بەرزیی نرخەکان، زۆربەی کەپرەکان تەنیا زەوییەکی کۆنکرێتی و پەردەیەکیان هەیە. گەشتیاران گلەیی لە نەبوونی ئامێری فێنککەرەوە، نزیکیی کەپرەکان لە یەکتر و بەرزیی دەنگی (دی جەی) دەکەن کە چێژی گەشتەکەیانی تێکداوە. هەروەها تێچووی گەراج، گرانیی فرۆشگاکانی ناو کۆمەڵگە گەشتیارییەکان و ستایلی کەپرەکان کە تەنیا بۆ گەشتیاری ناوخۆ و عەرەب دەشێت، بەشێکی دیکەن لە کێشەکان.

چاودێریی گەشتوگوزار لە ڕەواندز و سۆران

لە ناوچەکانی بێخاڵ، کۆڕەک، ئاکۆیان و جوندیان لە ڕەواندز، نرخی کەپرەکان لەنێوان 15,000 بۆ 25,000 دیناردایە. پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕەواندز ڕایگەیاند، چاودێریی نرخەکان دەکەن و هەر گەشتیارێک سکاڵا تۆمار بکات لێپێچینەوە لە خاوەن کەپرەکە دەکەن. لە ناوچەکانی خەلیفان و چۆمانیش نرخەکان بە هەمان شێوە لەنێوان 15,000 بۆ 25,000 دیناردایە.

بارودۆخی هاوینەهەواری دووکان

لە هاوینەهەواری دووکان زیاتر لە 2,000 کەپری گەشتیاری هەن. ڕێژین ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان ئاماژەی بەوە کرد، خزمەتگوزارییەکانیان بریتین لە پاکوخاوێنی، کارەبا و دابینکردنی مەقاڵی. سەبارەت بە بێزارکردنی گەشتیاران بە دەنگی بەرز، ڕایگەیاند کە لێپێچینەوەیان کردووە و ڕێگە نادەن گەشتیاران بەهۆی دەنگی (دی جەی)ـەوە بێزار بکرێن.

نرخی کەپرە گەشتیارییەکان:

دهۆک (ڕۆژانی هەینی): 120,000 دینار

دووکان (ڕۆژانی هەینی): 30,000 دینار

ڕەواندز و سۆران: 15,000 بۆ 25,000 دینار

کەپری حکومی لە دووکان: 50,000 دینار

ژمارەی کەپرەکان لە دووکان: زیاتر لە 2,000 کەپر

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا