جەی دی ڤانس: لە تەکتیکی فارسی بۆ دانوستان تێناگەم و شاندێکی باڵا ڕەوانەی قەتەر دەکەین
جێگری سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێ لەبارەی دانوستانەکانی واشنتن و تاران ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، نێردراوەکانی ترەمپ بۆ گفتوگۆی ئاستبەرز دەچنە دەوحە.
ناردنی شاندی باڵا بۆ قەتەر
سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەسەر داوای کۆماری ئیسلامیی ئێران، واشنتن بڕیاریداوە شاندێکی باڵا ڕەوانەی دەوحەی پایتەختی قەتەر بکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەریەکە لە "ویتکۆف" نێردراوەی تایبەت و "جارید کۆشنەر" سەرۆکایەتی شاندەکە دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاستبەرز و گفتوگۆی تەکنیکی لەسەر یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات.
ڕەخنەگرتن لە تەکتیکی دیپلۆماسیی ئێران
ڤانس لە بەشێکی قسەکانیدا نیگەرانیی خۆی لە شێوازی مامەڵەی دیپلۆماتکارانی ئێرانی دەربڕی و گوتی: "ئەوەی لای من سەرنجڕاکێش و بێزارکەریشە، ئەوەیە کە ئێرانییەکان لە میدیاکاندا دەڵێن هیچ گفتوگۆیەکی ئاشتی لە ئارادا نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی گفتوگۆی تەکنیکین لەگەڵمان." جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەم شێوازەی بە "تەکتیکی فارسی بۆ دانوستان" ناوبرد و وتی تێگەیشتن بۆ ئەو جۆرە ڕەفتارانە ئاسان نییە.
پەیوەندیی نێوان ڕێککەوتنی لوبنان و ئێران
جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، ئێستا لوبنان و ئیسرائیل بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەکەن، کە ئەمە پێش چەند مانگێک مەحاڵ بوو. گوتیشی: "ئێمە کار دەکەین بۆ یەکخستنی ڕێککەوتنی ئاشتیی لوبنان و ئیسرائیل لەگەڵ یاداشتی لێکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران؛ بنەمای سەرەکی لە هەردوو بەڵگەنامەکەدا ئەوەیە کە دەبێت ڕێز لە سەروەریی خاکی لوبنان بگیرێت."
ستراتیژیی سەربازیی ترەمپ بەرامبەر ئێران
سەبارەت بەو ڕەخنانەی لە ناوخۆی ئەمریکا ئاڕاستەی ترەمپ دەکرێن بۆ بەکارنەهێنانی هێزی زیاتر دژی ئێران، ڤانس وتی: "هەندێک کەس هەن تەنیا داوای بۆردوومان دەکەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیشانی داوە کە ئامادەیە هێزی سەربازی بەکاربهێنێت تەنیا ئەگەر ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت." جەختیشی کردەوە کە ئەوان نایانەوێت بەبێ پلان بۆمب ببارێنن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا