بە هەماهەنگی ئاسایشی سلێمانی؛ بەرپرسی گشتی چاندنی بۆمبی داعش لە سەڵاحەدین دەستگیرکرا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بە هەماهەنگی ئاسایشی سلێمانی بەرپرسی گشتی چاندنی بۆمبی داعش لە سەڵاحەدین دەستگیرکرا
بە هەماهەنگی ئاسایشی سلێمانی بەرپرسی گشتی چاندنی بۆمبی داعش لە سەڵاحەدین دەستگیرکرا

دەستەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی وردی هەواڵگریدا 3 تیرۆریستی دەستگیرکرد و پشکنینی بۆ چەندین شانەی نووستووی داعش ئەنجامدا.

دەستگیرکردنی بەرپرسی مینڕێژکردن لە سلێمانی

دەستەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق ڕایگەیاند، مەترسیدارترین تیرۆریست کە بە بەرپرسی گشتیی چاندنی بۆمب و مین لە پارێزگای سەڵاحەدین ناسراوە، دەستگیرکراوە. ئەم ئۆپراسیۆنە بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدراوە و تیرۆریستەکە لە ناو شاری سلێمانی قۆڵبەست کراوە.

ئۆپراسیۆنەکان لە ئەنبار، موسڵ و کەرکووک

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکاندا، هێزەکانی دژەتیرۆر 2 تیرۆریستی دیکەیان لە شارەکانی ئەنبار و موسڵ دەستگیرکردووە. هاوکات لە پارێزگای کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە، کێڵان و پشکنینی ورد بۆ چەندین گوند و شانەی پاشماوەی داعش ئەنجامدراوە تاوەکو ڕێگری لە هەر جموجۆڵێکی تێکدەرانە بگرن.

ئامانجی بەدواداچوونی پاشماوەکانی داعش

دەستەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جەختی لەوە کردەوە، ئەم ئۆپراسیۆنەنایان لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوام دێت بۆ پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتانە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و چەسپاندنی سەقامگیرییە لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا