د.ئەژین هاشم: جگەرەکێشان و کەمیی جووڵە مەترسیی تووشبوون بە گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن زیاد دەکەن

سەروەر سالار 1 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی کۆڵۆن
وێنەی کۆڵۆن

د. ئەژین هاشم، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، هۆکارەکانی گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

هۆکارەکانی گرژبوونی کۆڵۆن

کۆمەڵێک هۆکار مەترسیی تووشبوون بە گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن زیاد دەکەن، لەوانە:

خۆراک

هەندێک خۆراک کە گازەکانی گەدە زیاد دەکەن، مەترسیی تووشبوون بە گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن زیاتر دەکەن، بەتایبەت ئەو خۆراکانەی بە ئەستەم هەرس دەبن، وەک پاقلەمەنییەکان، هەروەها هەندێک کەس بەهۆی خواردنی شیرەمەنییەکان و هەندێک جۆری  خۆراکی دیکە لەوانەیە تووشی گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن ببن.

دەروونی

بارودۆخی دەروونیی ناجێگیر هۆکارێكی دیکەی تووشبوونە بە گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن، بە گشتی کاتێك کەسێك لە دڵەڕاوکێدایە، هەموو ئەندامەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر کار دەکەن  و ریخۆڵەئەستوورەش زیاد لە پێویست چالاک دەبێت، ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵە گرژ دەبن، کەسەکە تووشی سکچوون و سکئێشە دەبێت، کاتێك کەسێك تووشی خەمۆکی دەبێت، ئەوا ماسولکەکانی ریخۆڵەی دووچاری سستی دەبن و کەسەکە تووشی قەبزی دەبێت. بە گشتی هەر جۆرە تێکچونێکی باری دەروونی دەکرێت کەسەکە تووشی گرژبونی کۆلۆن بکات بەشێوەی سکچوون یان قەبزی.

ناهاوسەنگیی ئاستی هۆڕمۆنەکان

تووشبوون بە گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن لەکاتی سووڕی مانگانەی خانمان و دووگیانبوون گرفتێکی باوە.

بەکارهێنانی هەندێ جۆری دەرمان

بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان بۆ نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان لەوانەیە چارەخوازەکە تووشی گرفتی گرژبوونی کۆلۆن، قەبزی یان سکچوون بکات .

جگەرەکێشان

جگەرەکێشان یان خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان هۆکارێکی دیکەی گرژبوونی کۆڵۆنە لە هەندێک کەسدا .

وەرزشنەکردن

وەرزشنەکردن و کەمیی جووڵە لە زۆر کەسدا گرفتی گرژبوونی کۆڵۆن دروست دەکەن .

سەروەر سالار

1 کاتژمێر پێش ئێستا