تەنیا لە هەڵەبجە و سەیدسادق 60 هەزار تۆن شووتی پێگەیشتووە و ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت
بەرهەمی شووتیی خۆماڵی لە ناوچەکانی سەیدسادق، شارەزوور و هەڵەبجە پێگەیشتووە و پێشبینی دەکرێت تەنیا لەم وەرزەدا زیاتر لە 60,000 تۆن بەرهەم بخرێتە بازاڕەوە.
بەرهەمی هەڵەبجە و کوالێتیی شووتیی ناوخۆ
لە پارێزگای هەڵەبجە 3,825 دۆنم زەوی بە شووتی چێندراوە. ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە 30,000 تۆن. جەختیشی کردەوە کە بەرهەمی ناوخۆیی لە هاوردەکراو تەندروسترە و لە تاقیگەکانی ناو عەلوەکاندا پشکنینی وردی کیمیایی بۆ دەکرێت تاوەکو لە پاکی و سەلامەتییەکەی دڵنیا ببنەوە.
هەناردەکردنی شووتی سەیدسادق بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەیدسادق ڕایگەیاند، لە سنووری شارۆچکەکە 5,000 دۆنم زەوی بە شووتی داچێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەی بگاتە 30,000 تۆن. ئاماژەی بەوەش کرد، بە نووسراوی فەرمی پشتگیریی جووتیارانیان کردووە تاوەکو بەرهەمەکانیان لە بازگەکانەوە ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکرێت بۆ ساغکردنەوەی.
پشکنینی ورد بەر لە خستنەبازاڕ
بەپێی ڕێکارەکان، هەر بەروبوومێک پێش ئەوەی مۆری خستنەبازاڕی لێ بدرێت، دەبێت لە ژێر چەند پشکنینێکی وردی کیمیاییدا تێپەڕێت. تاقیگەی کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی چاودێریی هەموو ئەو بەرهەمانە دەکات کە دەگەنە بازاڕەکە بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە هیچ پاشماوەیەکی زیانبەخشی ماددە کیمیاییەکانیان پێوە نییە.
قەدەغەی هاوردە و وەرزی پێگەیشتن
بۆ پشتگیریکردنی جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا هاوردەکردنی شووتی قەدەغە کردووە. لە کاتێکدا شووتی شارەزوور و هەڵەبجە لە بازاڕدایە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شووتی پێنجوێنیش پێبگات. جێگەی ئاماژەیە وەرزی شووتی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 6 دەستپێدەکات و تاوەکو مانگی 10 بەردەوام دەبێت.
ئامارەکانی بەرهەمهێنانی شووتی:
بەرهەمی چاوەڕوانکراوی هەڵەبجە: زیاتر لە 30,000 تۆن
بەرهەمی چاوەڕوانکراوی سەیدسادق: 25,000 بۆ 30,000 تۆن
زەویی داچێندراو لە سەیدسادق: 5,000 دۆنم
زەویی داچێندراو لە هەڵەبجە: 3,825 دۆنم
وەرزی بەرهەم: لە مانگی 6 تاوەکو مانگی 10
3 کاتژمێر پێش ئێستا