کەشناسیی عێراق: پلەی گەرما لە پارێزگاکانی باشوور دەگەنە پلەی کوڵان

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات
شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات

دەستەی کەشناسیی عێراق هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە چوار ڕۆژی داهاتوودا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، گەرما لە بەشێک لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروو نزیک دەبێتەوە لە 50 پلە.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە چوار ڕۆژی داهاتوودا

دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی 4 ڕۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵات بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن. بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە پلەکانی گەرما چەند پلەیەک زیاد دەکەن و بە بەرزی دەمێننەوە.

پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک

بۆ ڕۆژی پێنجشەممە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی بگەنە 40 پلەی سیلیزی. هەروەها پلەی گەرما لە هەولێر دەگاتە 42 پلە و لە پارێزگای کەرکووکیش بەرز دەبێتەوە بۆ 44 پلەی سیلیزی.

دۆخی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق

کەشناسیی عێراق ڕایگەیاندووە، پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی وڵات نزیک دەبنەوە لە پلەی کوڵان. پلەی گەرما لە بەغداد، واست و موسەننا دەگاتە 46 پلە. لە پارێزگاکانی زیقار و بەسڕە پلەی گەرما دەبێتە 47 پلە، هاوکات بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگای میسان تۆمار دەکرێت کە دەگاتە 48 پلەی سیلیزی.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا