سایلۆی کەرکووک: نزیکەی 380 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە
بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراوەوە ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەناو پلاندا، نزیکەی 380 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و دەستکراوە بە وەرگرتنی گەنم لە دەرەوەی پلان.
380 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەناو پلاندا نزیکەی 380 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و نزیکیش بوونەتەوە لە وەرگرتنی گەنم لەناو پلان، بە ڕێژەی 100%.
چاوەڕوانیکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی
بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک لەبارەی میکانیزمی نۆرەگرتنی جووتیارانەوە گوتی، لە سایلۆی کەرکووک دەستکراوە بە تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی بۆ نۆرەگرتنی ڕادەستکردنی گەنم لە دەرەوەی پلان و چاوەڕوانی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقن، بۆ دیاریکردنی بڕی وەرگرتنی گەنم لە دەرەوەی پلان، لەکاتێکدا بە فەرمی 389 هەزار تۆن گەنم دیاریکراوە.
زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر هۆبەی کشتوکاڵیی کەرکووک و چەند لیژنەیەک سەردانی مەیدانیی ئەو جووتیارانەیان کردووە، کە بەرهەمی گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییان هەیە و تۆمارکراون و زانیارییەکان ڕەوانەی سایلۆی کەرکووک کراون؛ ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە، دەتوانن لە سایلۆی کەرکووک بەرهەمەکانیان ڕادەستبکەن، کە بۆ هەر تۆنێک گەنم، بڕی 500 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
کێشەی موڵکداریی زەوییە کشتوکاڵییەکان
کۆی گشتیی ڕووبەری ئەو زەوییانەی لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییانن، بە 600 هەزار دۆنم دەخەمڵێندرێن و جووتیاران ساڵانە بەشێکی بە گەنم، جۆ و گەنمەشامی دادەچێنن، بەڵام بەهۆی کێشەی موڵکداریی زەوییەکان، حکومەت بەرهەمەکانیان بەبێ پلان هەژمار دەکات.
جۆرەکانی گەنم و نرخەکانیان
لە وەرزی 2025 لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەرهەمی گەنم زیاتر لە 500 هەزار تۆن بوو، حکومەتی عێراق گەنمی پلەیەکی بە 850 هەزار دینار وەرگرت، بەڵام لە ئەمساڵدا نرخەکەی بۆ 700 هەزار دینار کەمبووەتەوە و لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییش گەنم بە 500 هەزار دینار وەردەگرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا