یەکگرتوو: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یه‌كگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یه‌كگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لایەنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆدەبنەوە و داواش دەکەن هەڵمەتی دژە گەندەڵی هەموو بەرپرسە تێوەگلاوەکان بگرێتەوە.

کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان

مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یه‌كگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی فراوانی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پشتیوانی کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمانن بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، تاوەکو بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و هەرێمی کوردستان لەم چەقبەستووییە سیاسییە ڕزگار بکات.

پشتیوانیکردن لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەربڕی. مستەفا عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ئومێدەوارن ئەم هەڵمەتە سەرکەوتوو بێت تاوەکو سەروەت و سامانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ گەل بگەڕێتەوە و هیچ کەسێک نەوێرێت دەست بۆ سامانی گشتی ببات. داواشی کرد لێپرسینەوەکان هەموو عێراق بگرێتەوە و هەر بەرپرسێک گەندەڵ بێت ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

ڕادەستکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی بە دادگا

سەبارەت بە هەوڵەکانی فراکسیۆنەکەیان لە ڕابردوودا، مستەفا عەبدوڵا ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 7 دۆسیەی گەندەڵییان ڕادەستی دەستەی دەستپاکی کردووە. هەروەها ئاشکرای کرد کە 3 دۆسیەی دیکەی گەندەڵیش لەلایەن ئەوانەوە ڕاپێچی دادگا کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەر بگیریتەبەر.

پرسی گرانیی سووتەمەنی و بژێوی هاوڵاتییان

لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی سەرەڕای دابینکردنی 50,000 بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ، مستەفا عەبدوڵا وتی، گرانکردنی نرخەکان ستەمە لە هاونیشتمانییان دەکرێت. ڕاشیگەیاند کە فراکسیۆنەکەیان ئەم پرسە دەباتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەکو لەوێوە هەوڵی جددی بۆ چارەسەرکردنی بدەن.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا