سیستانی: فڕێدانی ئاوەڕۆ و پاشماوە بۆ ناو ڕووبارەکان تاوانێکی شەرعییە
مەرجەعی باڵای شیعەکان هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و فڕێدانی هەر جۆرە پاشماوەیەک بۆ ناو ڕووبارەکان بە "قەدەغە و تاوان" ناو دەبات.
بەرپرسیارێتی شەرعی و زیانی گشتی
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاندووە، فڕێدانی ئاوی ئاوەڕۆی چارەسەرنەکراو، پاشماوە ڕەقەکان، پاشماوە پزیشکییەکان و ماددە کیمیاییەکان بۆ ناو ڕووبارەکان کارێکی نادروستە. لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم کارە دەبێتە هۆی زیانی گشتی بۆ خەڵک، هەر بۆیە هەر کەسێک ئەنجامی بدات، لە ڕووی شەرعییەوە تاوانبارە و بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە دروست دەبن.
پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان
مەرجەعییەتی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە سەرپێچی ئەو یاسا و ڕێنماییانە بکرێت کە لەلایەن دامەزراوە تایبەتمەندەکانەوە بۆ پاراستنی ژینگە و ئاو دەرکراون. هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە بە حیکمەت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن، چونکە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە.
داواکاری بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی جێگرەوە
لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەدا، نووسینگەی عەلی سیستانی داوا لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، ڕێگەی جێگرەوە و گونجاو بۆ ڕزگاربوون لەو پاشماوە پزیشکی و کیمیایی و ئاوەڕۆیانە دابین بکەن، نەک بڕژێنرێنە ناو سەرچاوە ئاوییەکانەوە.
کاردانەوەی ڕێکخراوە ژینگەییەکان
بابەتی زیادەڕۆیی و سەرپێچیکردن بۆ سەر ڕووبارەکان، لە ماوەی ڕابردوودا کاردانەوەی فراوانی ڕێکخراوەکانی ژینگە، چالاکوانان و وەزارەتی ژینگەی لێکەوتووەتەوە. ئەم پرسە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە باسی گەرم، بەتایبەت دوای ئەوەی ئاستی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان لە هەندێک ناوچە مەترسی بۆ سەر تەندروستی گشتی دروست کردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا