کەمال محەممەد: بە هاوکاری کۆمپانیایەکی ئیماراتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر زیاد دەکەین
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن چڕ دەکاتەوە و بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ 200 مێگاوات بەرز دەکاتەوە.
پلانی دانانی وێستگەی نوێ
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا لەگەڵ عامر عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەدوەی ئیماراتی کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی دانانی چەند وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە توانای 50 مێگاوات کراوە، کە بڕیارە تەواوی وێستگەکان بە وزەی خۆر کار بکەن. بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە، کۆی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دەگاتە نزیکەی 200 مێگاوات.
ئاسانکاری بۆ پڕۆژەکانی وزەی خاوێن
وەزیری کارەبا ئامادەیی تەواوی وەزارەتەکەی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دامەزراندنی وێستگەی کارەبا بە وزەی خاوێن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدایە بۆ پەرەپێدانی سێکتەری کارەبا لە ڕێگەی سەرچاوە نوێبووەوەکان.
ئاماری ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕۆژانە 4800 بۆ 5000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە تەنیا 134 مێگاواتی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوەیە. نەخشەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەیە: 83% لە ڕێگەی گازی سروشتی، 11% بە نەوتی ڕەش، 5% بە گازوایل و تەنیا 1% لە ڕێگەی هایدرۆپاوەرەوە بەرهەم دەهێنرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا