کۆمیسیۆنى ڕاگەیاندن: ڕێکارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆڕەک تیلیکۆم تەواوکراون

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم
لۆگۆی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارە یاساییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم تەواو کراون و بە مەبەستی بەهێزکردنی کێبڕکێ سەرقاڵی ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاون بۆ هێنانی کارپێکەرێکی نیشتمانیی نوێ بۆ بازاڕی پەیوەندییەکان.

ڕێکارە یاساییەکان تەواو بوون

بەڵیغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێک لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی لووتکەی گەیاندنی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆنەکە ڕێکارە یاسایی و ڕێکخراوەییەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بەگوێرەی یاسا و بڕیارە کارپێکراوەکان تەواو کردووە، بەشێوەیەک کە مافەکانی دەوڵەت و بەرژەوەندیی گشتی بپارێزێت و متمانە بە کەرتی گەیاندن و بازاڕی عێراق بەهێز بکات.

داهاتووی بازاڕی گەیاندن و کێبڕکێ

بەڵێغ ئەبو کەلەل لەبارەی داهاتووی بازاڕی گەیاندنەوە گوتی، کۆمیسیۆنەکە لە گۆشەیەکی فراوانترەوە تەماشای داهاتووی بازاڕی گەیاندن دەکات، کە لەسەر بنەمای بەهێزکردنی کێبڕکێ و قۆرخنەکردنی لەلایەن دوو کۆمپانیاوە دامەزراوە.

کارپێکەری نیشتمانیی نوێ بۆ بازاڕ

سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لەبارەی هێنانی کارپێکەری نوێوە جەختی لەسەر بەردەوامبوون لە ئامادەکردنی ژینگەی گونجاو بۆ خستنەکاری کارپێکەرێکی نیشتمانیی نوێ بۆ ناو بازاڕ و تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیای سەلام دراوە، بەگوێرەی ڕێڕەوە یاساییەکان، کردەوە.

دادپەروەری لە کێبڕکێ و تەکنەلۆجیای نوێ

بەڵێغ ئەبو کەلەل لەبارەی هەڵوێستی کۆمیسیۆنەکەیانەوە ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆنەکەیان لایەنگریی هیچ کۆمپانیایەک ناکات لەسەر حیسابی کۆمپانیایەکی دیکە، بەڵکو کار بۆ پاراستنی بنەماکانی کێبڕکێی دادپەروەرانە و گرەنتیکردنی پابەندبوون بە ڕێسا ڕێکخراوەییەکان دەکات.

تەکنەلۆجیای نوێی پەیوەندی

ناوبراو لەبارەی گەشەسەندنی تەکنەلۆجیاوە گوتی، عێراق بەردەوامە لە تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکان بۆ هێنانی یەکێک لە دیارترین تەکنەلۆجیا نوێیەکانی پەیوەندی بۆ بازاڕی عێراق، بەجۆرێک کە لەگەڵ گەشەسەندنە جیهانییەکان بگونجێت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بپارێزێت.

سزادانی کۆڕەک تیلیکۆم

کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە ڕێکارەکانی بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم توندتر کردەوە و بەهۆی تۆمەتبارکردنی کۆمپانیاکە بە پابەندنەبوون بە یاسا و گرێبەستەکان سزای کۆمپانیاکەی دا.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا