لە پارێزگای دهۆک و سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دوو کرێکار گیانیانلەدەستدا

ژوان نیزام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بێکەس حەکیم تەمەن 28 ساڵ، لە یەکێک لە مارکێتەکانى دهۆک کاریدەکرد و بەهۆى گیرخواردنیەوە لە بەرزکەرەوەیەکدا گیانى لەدەستدا
بێکەس حەکیم تەمەن 28 ساڵ، لە یەکێک لە مارکێتەکانى دهۆک کاریدەکرد و بەهۆى گیرخواردنیەوە لە بەرزکەرەوەیەکدا گیانى لەدەستدا

لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە پارێزگای دهۆک و سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.

لە بەرزکەرەوەیەکدا گیردەخوات

پەیامنێرى کەناڵ8 لە دهۆک ڕایگەیاند، هاونیشتمانییەک بە ناوی بێکەس حەکیم تەمەن 28 ساڵ، لە یەکێک لە مارکێتەکانى دهۆک کاردەکات و بەهۆى گیرخواردنیەوە لە بەرزکەرەوەیەکدا گیانى لەدەستداوە.

سەر و سینگی لە بەرزکەرەوەکە گیردەبێت

بەگوێرەى گرتە ڤیدیۆیی کامێراکانى چاودێریی ناو مارکێتەوە، بێکەس لەکاتى چوونە ناو بەرزکەرەوەکە و دابەزینى بەشێکى زۆرى بەرزکەرەوەکە بۆ بەشى خوارەوەى مارکێتەکە، دەیەوێت دابەزێت، بەڵام سەر و سنگی گیردەبێت و بەوهۆیەوە گیانى لەدەستدا.

پەیامنێری کەناڵ8 ڕایگەیاند، بە مەبەستى توێکاریی، تەرمی بێکەس ڕەوانەی پزیشکی دادیی دهۆک کراوە و دواتر ڕادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.

کەوتنەخوارەوە لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون

هەر ئەمڕۆ، هاونیشتمانییەک لە ڕانیە لە باڵەخانەیەک کەوتەخوارەوە و گیانى لەدەستدا، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕانیە، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هاونیشتمانییەکە ناوی شکۆ کەیفی شەوقییە و لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونن کاری کردووە و لە باڵەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە و بریندار بووە، پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

ئاماری گیانلەدەستدان لە کاتی کارکردن لە دهۆک

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی سەندیکای کرێکارانی دهۆک، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لە پارێزگاکە ئەمە پێنجەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە لەکاتی کارکردن و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەریشی 11 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە.

ژوان نیزام

3 کاتژمێر پێش ئێستا