سەعدی ئەحمەد پیرە: جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی و نەوەی نوێ ڕێککەوتنێکی باشە و یەکەمجارە هاوپەیمانییەکی لەمشێوەیە ڕادەگەیێنرێت، دەشڵێت، ڕێککەوتنەکە جێی متمانە و بەرگرییە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو بوارەکانیش دەگرێتەوە.

عێراقی سەردەمی عەلی زەیدی جیاوازیی هەیە

سەعدی پیرە لەمیانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی 12ـی کەناڵ8 گوتی، ڕێککەوتننامەکەمان لەگەڵ نەوەی نوێ، بۆ ئیدارەدانی کوردستان و کەمکردنەوەی کێشەکانە و هیوایخواست، هەموو لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوشێوە، بۆ ئیدارەدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی دۆخی ناوچەکە و شەڕەوە، هەڕەشە و کێشەی لەسەرە، دەشڵێت، عێراق لە سەردەمی عەلی زەیدی جیاوازیی هەیە بەراورد بە حکومەتەکانی پێشخۆی.

ڕەخنە گرتن لە هاوپەیمانێتییەکە نادروستە

سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لەوەشکرد، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی لەناو حکومەتی عێراقدایە و بەهۆی هاوپەیمانییەکەوە لە داهاتووشدا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی دەکات، پێشیوایە نادروستە ڕەخنە بگیرێت لەو هاوپەیمانییەی دەکرێت لەکاتێکدا ڕەخنە دەبێت ئەوەبێت، بۆچی هەموو لایەنەکان  لەژێر یەک چەتردا کۆنەکرێنەوە و هاوکار نەبن.

هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئیداریی نییە ڕەخنە لە دروستکردنی هاوپەیمانی بگیرێت

باسی لەوەشکرد، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بزووتنەوەیەکی سیاسییە و بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردووە و کورسی بەدەستهێناوە، نە پارتی و نە یەکێتی ناتوانن ڕێگریی لە نەوەی نوێ بکەن بەشداری لە حکومەت بکات یاخود نا وەک خۆی دەڵێت، پێشیوابوو، هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئیداریی نییە ڕەخنە لە دروستکردنی هاوپەیمانی بگیرێت، دەشڵێت، خۆ پارتی هەوڵیدا هاوپەیمانی دروستبکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و یەکێتی سەرکەتوو بوو، کە دەبوو پارتی پیرۆزبایی بکات کەچی رەخنە دەگرێت.

پارتی دەیەوێت بە ڕەخنەگرتن کێشە دروستبکات

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی دەیەوێت بەم ڕەخنەگرتنە لە هاوپەیمانێتییەکە کێشە دروستبکات، دەشڵێت، پارتی هاوبەشی ناوێت و ئەگەر هاوبەشی بویستایە، هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، باشترین هاوبەشە و دەتوانرێت بەهێزتر و لەڕێگەی ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیرەوە پێکەوە کاربکەن، بەڵام پارتی نایەوێت هاوبەشی بکات، نایەوێت نە حکومەت پێکبێت، نە پەرلەمان کارابێتەوە.

ژمارەی کورسی شەڕی بۆچییە؟

سەعدی پیرە ڕایگەیاند، ژمارەی کورسی شەڕی بۆچییە، 38ـە یاخود 39 خۆ ئەگەر پارتی و یەکێتی یەکی 70 کورسیشیان هەبێت حکومەت بەبێ یەکدی پێکنایەت، بۆیە خۆسەرقاڵکردن بە ژمارە، خۆدڵخۆشکردنە و ئەنجامی هاوپەیمانێتییەکە بۆ زۆر کادیری پارتی هەواڵێکی ناخۆشە.

پارتی و یەکێتی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیجییان ڕانەگەیاندووە

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، ڕێککەوتننامەی ستراتیجی پارتی و یەکێتی لەلایەن مام جەلال و مەسعود بارزانییەوە واژۆکراوە و نە یەکێتی و نە پارتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیەیان ڕانەگەیاندووە، نە لەکۆبوونەوەی فەرمیی مەکتەبی سیاسی یان مەکتەبی سەرکردایەتی ئاماژەی پێکرابێت کە پارتی شتی وای کردبێت، چونکە ماوەیەکی باش لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە کاری باش کراوە و بەبۆچوونی ئەو کوردستانێکی یەکگرتوو پێویستی بە هەردوو حیزب و لایەنەکانی دیکەش دەبێت.

پارتی پابەندی ڕاگرتنی شەڕی میدیایی نەبووە

سەعدی پیرە گوتیشی، ڕاگەیێنراوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی پارتی چەندین داخوازیی باشی تێدابووە و ئەوان وەک یەکێتی نیگەرانییان لێی نەبووە، ڕوونیدەکاتەوە، پێشتر پارتی بەمیدیای سێبەر هەڕەشەیان کردووە و هەڵمەتیان کردووە، ئێستاش بەرپرسی لقەکان قسەی بەرز و نزم دەکەن و پێویستە ئەوە نەمێنێت، دەشڵێت، لەدوای دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهادین، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕەزامەندبووە بە ڕاگرتنی شەڕی میدیایی، بەڵام پارتی پابەند نییە.

لە پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی هەستدەکەن وەک یەکێتی مامەڵە لەگەڵ دوو ئاڕاستەی جیاواز لەناو پارتیدا دەکەن؟ 

کەی کاتی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنە بۆ کادیری ڕاگەیاندنی یەکێتی؟

سەعدی پیرە ڕایگەیاند، ئێستا کەی کاتی ئەوەیە وەزیری ناوخۆ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کادیری ڕاگەیاندنی یەکێتی دەربکات؟ لەکاتێکدا وەزیرەکانی پێشوو، قەت شتی وایان نەدەکرد و کاریان دەکرد بۆ هێمنکردنەوەی دۆخەکە، ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەشی کە هەیە بەرامبەر هەریەک لە ئەحمەد نەجم، سەرۆکی بۆردی ڕاگەیاندنی کەناڵ8 و بژار دەباغ پێشکەشکاری کەناڵەکە، دەشڵێت، هیچ دیمانەیەکی ئەحمەد نەجمـی نەدیوە لەسەر پرسێکی سیاسی، بۆیە ئەمجۆرە کارانە متمانە ناهێڵێت و وەزیری وا ناتوانێت ببێتە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری هەموو لایەنە سیاسییەکان و هاونیشتمانی و بەتەنزەوە دەڵێت، "ئەو وەزارەتانە ببرێنە لقەکان باشترە".

شتی پشتڕاستکراوە نییە بۆ فەرمانی دەستگیرکردن لە هەرێمی کوردستان

گوتیشی، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە بەغداد بووە و هەڵمەتێکی میدیایی هەیە بۆ ناشرینکردنی هەندێک کادر کە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە و بوونیشی لەوێ بۆ ئەوەبووە بە خەڵکی بڵێت، "پێویست بە خۆشاردنەوە ناکات"، لەبارەی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی خالید شوانی گوتی، دەبوو ئەو هەواڵانە پشتراستبکرێنەوە، ئەوکات بڵاوکرایەتەوە و ڕایدەگەیێنێت، ئەوەی دەگوترێت، هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا  پشتڕاستنەکەراوەتەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە یاخود دەستگیرکراوە، لەوانە خالید شوانی و بەنگین ڕێکانی شتێکی پشتڕاستکراوە نییە. 

ئامانجی یەکێتی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئیداری و سیاسییە

لەبارەی هاوسەنگیش لەگەڵ پارتی گوتی، لەگەڵ پارتی لەڕووی ژمارەوە دوولایەنی لێکنزیکین و ئامانجی یەکێتی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئیداری سیاسییە و ئەو ڕاستکردنەوەیە بە دادپەروەریی دەبێت و یەکێتی دەتوانێت دروستیبکات.

پەیامی تۆ باراک

بەگوتەی سەعدی پیرە، تۆم باراک لە هاتنەکەی بۆ عێراق پەیامی ترەمپی هێنابوو، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە بمێنێتەوە نەیارەکان خۆشحاڵ دەکات و ئەوە دەسەلمێت، کە ئێمە توانای خۆبەڕێوەبردنمان نییە و دوو ساڵە هەڵبژاردن کراوە، بۆچی حکومەت پێکنایەت؟ دەشڵێت، ئەگەر خۆمان نامانەوێت هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی بچووکبێتەوە، با کابینەکەی و پەرلەمان کارابکرێتەوە و بەشێوەیەکی کاربەڕێکەر بەردەوام نەبێت کە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی هەبێت، بڕیار لەسەر پرسەکان دەدات کە ئەمەش کارێکی خراپە وەک خۆی باسی لێوەکرد.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا