وەزارەتی کارەبا: کۆمپانیایەکی ئیماراتی چەند وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنێت
وەزارەتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتی پلانیان هەیە بۆ دانانی چەند وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای 50 مێگاوات، بەوەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەوزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 200 مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
کۆبوونەوەی وەزیری کارەبا و بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەدوەی ئیماراتی
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کەمال محەممەد وەزیری کارەبا، لەگەڵ عامر عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەدوەی ئیماراتی، بە ئامادەیی بەڕێوەبەرانی گشتیی گواستنەوە و دابەشکردن و پلاندانان و بەرهەمهێنان کۆبوونەتەوە.
پلانی دانانی چەند وێستگەیەکی نوێی کارەبا
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی دانانی چەند وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە توانای 50 مێگاوات کراوە کە بە وزەی خۆر کاردەکەن .
ئامادەکاری وەزارەتی کارەبا بۆ هەموو ئاسانکارییەک
کەمال محەممەد، ئامادەیی وەزارەتی کارەبای نیشانداوە بۆ هەموو ئاسانکارییەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دامەزرانی وێستگەی کارەبا بە وزەی خاوێن.
بڕی بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان ئێستا 4800 بۆ 5000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و لەو بڕە 134 مێگاواتی لە وزەی خۆرە هەربۆیە بە دانانی ئەم وێستگەی نوێیانە بڕی کارەبا زیاد دەبێت.
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی %83 ـی بە گازی سروشتییە، 5% بە گازوایلە، 11% بە نەوتی ڕەش، 1٪ بە هایدرۆپاوەرە.

2 کاتژمێر پێش ئێستا