کۆمپانیاى شیڤرۆنى ئەمریکى لەگەڵ وەزارەتى نەوت ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد
بە مەبەستی کارکردن لە کێڵگەى قوڕنەى دوو لە بەسرە، کۆمپانیاى شیڤرۆنى ئەمریکى بۆ بواری نەوت و وزە، لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد.
شیڤرۆن لە کێڵگەی قورنەی دوو کارەکانی دەستپێدەکات

بەگوێرەی دوایین ئامار، دەرکەوتووە کێڵگەی قوڕنەی دوو، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمدەهێنرێت.
وەزارەتى نەوتى عێراق ئەمڕۆ چوارشەمە 1ـى تەمموز لە ڕاگەیێنراوێکدا ئەوەى خستووەتەڕوو، کۆمپانیای نەوتی بەسرە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی واژۆکردووە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کێڵگەی قورنەی ڕۆژئاوای دوو.
پێشتر کۆمپانیای لۆک ئۆیلی ڕووسی لێ کشایەوە
باسم محەمەد، وەزیرى نەوتى عێراق ڕایگەیاند، کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنەى دوو یەکێکە لە کێڵگە گەورەکان، کە پێشتر کۆمپانیای لوک ئۆیلی ڕووسى تێیدا کشایەوە.
دانوستان بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژە
وەزارەتى نەوتى عێراق بەنیازە لەگەڵ کۆمپانیای "شیڤرۆن"ـى ئەمریکی دانوستان بکات بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژە، بێجگە لە کێڵگەى نەوتى ڕۆژئاوای قورنەى دوو.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژى 23ـى شوباتى ئەمساڵ بە ئامادەبوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق ڕێککەوتن لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای شیڤرۆن ئەنجامدرا، کە تایبەت بوو بە گواستنەوەی ئیدارەدانی کێڵگەی نەوتیی ڕۆژئاوای قورنەى دوو.
تایبەتمەندی کێڵگەی قوڕنەی دوو
کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قوڕنە دوو یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی نەوت لە عێراق و خاوەنی 14 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، هاوکات ئەم کێڵگەیە ڕۆژانە 450,000 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە ئەم بڕە دەکاتە 10%ـی کۆی گشتیی بەرهەمهێنانى نەوتی عێراق.
پشکی پێشووی لۆک ئۆیلی ڕووسی

پێشتر کۆمپانیای لوک ئۆیلی ڕووسی خاوەنی 75%ـی پشکەکانی ئەم کێڵگەیە بوو، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ڕووسیا، ساڵى ڕابردوو کشانەوەی خۆی لە کێڵگەکە ڕاگەیاند و بۆ ئەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان نەوەستێت، کێڵگەکە بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باشوورەوە بەڕێوە دەبرێت.
01/07/2026