سکرتێرى ئەنجوومەنى هاریکارى کەنداو لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆککوەزیرانى عێراق کۆبووەوە

دانیار فاروق 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ شاندی باڵای ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بە سەرۆکایەتی جاسم محەممەد بدێوی
کۆبوونەوەی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ شاندی باڵای ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بە سەرۆکایەتی جاسم محەممەد بدێوی

هەریەک لە نزار ئامێدى، سەرۆککۆمارى عێراق و عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەجیا لەگەڵ جاسم محەممەد بدێوى، سکرتێرى گشتیی ئەنجوومەنى هاریکارى وڵاتانى کەنداو کۆبوونەوە و لەکۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە عێراق بەشێکە لە وڵاتانى کەنداو و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێزتر دەکەن.

جەختکردنەو لە پەیوەندی قوڵی عێراق و وڵاتانی کەندوا

بەگوێرەى ڕاگەیێندراوێکى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، نزار ئامێدى، جەختیکردووەتەوە، عێراق لەگەڵ وڵاتانى کەنداودا پەیوەندییەکی قوڵی هەیە و کاریش دەکەن بۆ زیاتر پەرەپێدانى ئەو پەیوەندییانە کە لەزۆربەى بوارەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.

سیاسەتی کرانەوەی عێراق بەسەر ناوچەکە و جیهان

هاوکات، ئاماژەى بەوەشکردووە، عێراق سیاسەتى کرانەوە و هاریکارى لەسەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتى پەیڕەو دەکات، کاریش دەکات بۆ فراوانکردنى، بۆیە پێویستە عێراق هەماهەنگى تەواوى هەبێت لەگەڵ هەموو وڵاتانى جیهان و بەتایبەتى وڵاتانى دراوسێی و ناوچەکە.

بەردەوامی کاری هاوبەش لەگەڵ عێراق

لەبەرامبەر ئەو گوتانەى سەرۆککۆمار، لایخۆیەوە جاسم بدێوى، جەختی لەوە کردەوە، ئەنجوومەنەکەیان سوورە لەسەر بەردەوامى کارى هاوبەش لەگەڵ عێراق و فراوانکردنى ئەو کارانەش لەزۆربەى بوارەکان، کە ببێتە هۆى سەقامگیریی و ئاسایش لەناوچەکە.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو و عێراق

هەر لە درێژەى ئەو دیدارانەى لە سەردانەکەى بۆ عێراق ئەنجامى داوە، شاندەکەى ئەنجوومەنى هاریکارى وڵاتانى کەنداو، لەگەڵ عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە و تیایدا پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ وڵاتانى کەنداو و بەهێز کردن و فراوانکردنى ئەو پەیوەندییانە گفتوگۆى لەبارەوە کراو تیایدا سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختیکردەوە، حکومەتى عێراق سوورە لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى کەنداو.

قۆناغی تازەی عێراق

عەلى زەیدى، ئاماژەى بەوەشکرد، عێراق ئێستا قۆناغێکى تازە بەخۆیەوە دەبینێت کە خۆى لە بونیادنانى دەوڵەتێکى سەردەمیانەى تازە دەبینێتەوە، بە سەرۆکایەتییەکى تەواو و ئابوورییەکى بەهێز و جێبەجێکردنى یاسایەکى دادپەروەرانە و ڕێزگرتن لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى بەتایبەتى و جیهان بەگشتى.

شتایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی عێراق

لایخۆیەوە، سکرتێرى گشتیی ئەنجوومەنى هاریکارى وڵاتانى کەنداو، ئاماژەى بەوەکرد، هەنگاوەکانى چاکسازیی، کە سەرۆکوەزیرانى عێراق هەڵیناوە بۆ بەهێزکردنى ئابووریی و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و هەبوونى چەک بە تەنیا لە دەستى دەوڵەت و بونیادنانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى کەنداو، هەنگاوێکى گەورەیە و دەبێتە هۆى فراوانکردنى هاوبەشی لەگەڵ عێراق لەزۆربەى بوارەکاندا.

دانیار فاروق

3 کاتژمێر پێش ئێستا