دادگا چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسی تۆمەتبارانی گەندەڵی دەکات؟

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
تۆمەتبارانی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە بە کەفالەت ئازاد ناکرێن
تۆمەتبارانی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە بە کەفالەت ئازاد ناکرێن

دەیان بەرپرس و پەرلەمانتاری ئێستا و پێشوو  بە تۆمەتی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیان دەکرێت.

دەستبەسەراگرتنی دەیان ملیار دینار و ملیۆنان دۆلار

هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لەناوچەی سەوزەوە دەستیپێکرد. لەو هەڵمەتەدا دەستبەسەر دەیان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و چەندین کیلۆ ئاڵتووندا گیراوە.

هۆکاری دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار

دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی بۆ بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گەڕاندەوە، کە پەیوەندیدارە بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق.

چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ تۆمەتباراندا

دادگای دەستپاکی لە کەیسەکانی هاوشێوەدا، کە پێشتر لێکۆڵینەوەی تیادا ئەنجامداوە، بەگوێرەى یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ تۆمەتبار کردووە.

ماددەی 36ی یاساکە، سزای ئەو تۆمەتبارانەی دیاریکردووە، کە پارە سپی دەکەنەوە، کە بریتییە لە زیندانیکردن تاوەکو 15 ساڵ.

تۆمەتباران لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بە کەفالەت ئازاد ناکرێن

لەئێستادا تۆمەتباران بەمەبەستی لێکۆڵینەوە ڕاگیراون، بەگوێرەى ئەو یاسایە، تۆمەتباران لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بە کەفالەت ئازاد ناکرێن.

تۆمەتباران دوو ئەگەر چاوەڕێیان دەکات

واتا تۆمەتبارەکان دوو ئەگەریان لەبەردەمە، یان ئەوەیە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەکیان لە دژ کۆناکرێتەوە و بەبڕیاری دادوەریی لێکۆڵینەوە لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویستە، دۆسیەکەیان دادەخرێت، یاخود بەڵگەی پێویستیان لە دژ کۆدەکرێتەوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکرێت.

چارەنووسی تۆمەتباران لە دادگای تاوانەکان

ئەگەر دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کرا، وادەی دادگایی کردنیان بۆ دیاری دەکرێت، لەکاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردندا، دوو بژاردە بوونی دەبێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

بژاردەی یەکەم ئەوەیە، ئەگەر بۆ دادگا دەرکەوت لەکاتی دادگاییکردندا، کە بەڵگەکان باوەڕپێکراو نین و ناگاتە ئەوەی متمانە لای دادگا دروست بکات بۆ سزادانی ئەو تۆمەتبارانە، ئەوکات بڕیار دەدات بە هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەکانیان و ئازادکردنیان.

بژاردەی دووەمیش ئەوەیە، ئەگەر بەڵگەکان ڕوونبوون بۆ دادگا و گەیشتە ئەو قەناعەتە کە تۆمەتبارەکان تاوانەکەیان ئەنجامداوە، ئەوکات بڕیار دەدات بە تاوانبارکردنیان و دیاریکردنی سزای گونجاو بۆیان.

ئەگەر بڕیاری سزادانی ئەو تۆمەتبارانە دەربچێت لەلایەن دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە، ئەوا ئەو پارەیەی دەستیبەسەردا گیراوە، بەبڕیاری دادگا دەبێتە داهات بۆ گەنجینەی گشتی دەوڵەت.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا