سيستانی فڕێدانی پاشەڕۆ و ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووبارەکان بە تاوان ناودەبات

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی سیستانی، رێبەری باڵای شیعەکانی عێراق
عەلی سیستانی، رێبەری باڵای شیعەکانی عێراق

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان، فڕێدان ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی ناچارەسەرنەکراو، بە تاوان لە قەڵەم دەدات و داوا لەلایەن پەیوەندیدارەکانیش دەکات، ڕێگەچارەی جێگرەوە بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.

پرسیار لە مەرجەعی باڵای شیعەکان

 نووسینگەی ڕاگەیاندنی سیستانی بڵاویکردووەتەوە، کە ژمارەیەک لە موسڵمان پرسیایان ئاڕاستەکردوون، سەبارەت بە زیادبوونی دیاردەی دەستدرێژی بۆسەر ڕووبارەکانی عێراق، لەڕێگەی تێکەڵبوونی ئاوی پاشەڕۆ و فڕێدانی پاشماوەی پزیشکی، کیمیایی و جۆرەکانی دیکە بۆ ناو ڕووبارەکان داوای بۆچوون و ڕێنمایی مەرجەعی باڵای شیعەکانیان لەو بارەیەوە کردووە.

هەڵوێستی سیستانی

سیستانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت، نابێت ئاوەڕۆی چارەسەرنەکراو و پاشەڕۆکان بخرێنە ڕووبارەکانەوە، چونکە زیانی بۆ سامانی گشتی و خەڵک دەبێت.

مەرجەعی باڵای شیعەکان باسلەوە دەکات، هەر کەسێک ئەو کارە بکات بەگوێرەى ئایین تاوانبارە و گرەنتی ئەو زیانانەش بکات کە بەوهۆیەوە لێیدەکەوێتەوە.

پێنەدانی مۆڵەتی پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکان

سیستانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هیچ مۆڵەتێکی پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان نەدەن، هەروەها ڕێگەچارەی جێگرەوە بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاوەڕۆ و پاشماوەکان.

داوای مەرجەعیەت بۆ خەڵک

مەرجەعی باڵای شیعەکان، داوا لە خەڵک دەکات هەست بە دانایی و بەرپرسیاری بکەن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە بەرژوەندی گشتییەوە.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا