بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبین بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) کرد و لە دیدارەکەیاندا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان، پڕۆسەی ئاشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاووتوێ کرد.

پێشوازیکردن لە سەرۆکی میت لە دەباشان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا.

پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی

لە دیدارەکەدا پرۆسەی ئاشتی خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ جارێکی دیکە پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە دووپاتکردەوە.

بەردەوامبوون لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند کە ئەوان لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال درێژە بە هەوڵەکانیان دەدەن تاوەکو ئەم هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت، بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.

پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا کردەوە.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا