مونیر حەداد: دادگاییکردنی گەندەڵکاران بە ئاشکرا بەڕێوەدەچێت
ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەو پارەیەی لەساڵی 2003ـەوە لە عێراق دزراوە، لە دوو تریلیۆن دۆلار زیاترە، دەشڵێت، پڕۆسەی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوامە و لە داهاتوودا بە ئاشکرا دادگایی دەکرێن.
پارە دزراوەکان و موڵک و ماڵی تۆمەتباران لەسەرووی عەقڵ و مەنتیقەوەیە
دادوەر مونیر حەداد، ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییەی فەرمی ڕایگەیاند، ئەو پارەیەی دزراو لەگەڵ ئەو موڵک و ماڵەی تۆمەتباران هەیانە، لەسەرووی تێگەیشتنی عەقڵ و مەنتیقەوەیە.
لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بەردەوامە
مونیر حەداد دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بەردەوامە، تاوەکو ئێستا ئاماری کۆتایی لەسەر ژمارەی دەستگیرکراوەکاندا نییە، چونکە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ڕۆژانە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەنهێنی بەڕێوەدەچێت.
تۆمەتبارە سەرەکییەکان بە وردەکارییەوە دانیانناوە بە تاوانەکانیاندا
بە گوتەی ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تۆمەتبارە سەرەکییەکان لە لێکۆڵینەوەکاندا بە وردەکارییەوە دانیانناوە بە تاوانەکانیاندا، ئەمەش وایکردووە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان بگەنە تۆمەتبارانی دیکە.
بەشێک لە تۆمەتباران هەوڵی هەڵاتنیان داوە
مونیر حەداد دەشڵێت، بەشێک لە تۆمەتباران هەوڵیانداوە لە عێراق هەڵبێن، یان ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، کە هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵیاندا هەیە و لەماوەکانی ڕابردوودا هەشت تۆمەتباریان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووەتەوە.
"لیستی تۆمەتباران گەورە بەرپرسانی تیادایە"
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، "لیستی تۆمەتباران، گەورە بەرپرسانی تیادایە، بەرپرسانی ئێستا و ڕابردوو و پەرلەمانتاری تیایە، هەروەها ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون، تاوانی ئیختیلاسی ئاسایی نییە، بەڵکو تاوانی زیادبوونی نائاسایی سامانی تۆمەتبارانە، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی سپیکردنەوەی پارەوە".
بەرپرسی واهەیە 50 موڵک بەناوی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەیەوە تۆمارکراوە
مونیر حەداد باسلەوە دەکات، ئەو پارە و موڵک و ماڵانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، ناخوێنرێتەوە و باوەڕی پێناکرێت، ژنی یەکێک لە تۆمەتبارەکان یەک موڵکی بە پێنج ملیۆن دۆلار کڕیووە، کە نرخی ڤێلایەکی گەورەیە لە پاریس یان ئەمستەردام، بەرپرسی واهەیە 50 موڵک بەناوی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەیەوە تۆمارکراوە.
ڕاوێژکارەکەی زەیدی دەشڵێت، هەموو ئەو پارە و موڵکانە دەگەڕێنرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، پڕۆسەی دادگاییکردنی گەندەڵکارانیش هاوشێوەی دادگاییکردنی سەدام حسێن بە ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.
01/07/2026