ئەنساریئۆغڵو بۆ کەناڵ8: دەمانەوێت پێش پشووی پەرلەمان یاسای پرۆسەکە دەربکەین

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی
غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی

غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەسەر ڕێنمایی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پلانیان داناوە، پێش پشووی پەرلەمان، یاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دەربکەن.

ئەنساریئۆغڵو گوتیشی، ئەگەر دەرکردنی یاساکە و بەشێک لە کارەکان بکەونە مانگی ئەیلولیش، هیچ کێشەیەک دروست نابێت.

"پێویستە پەکەکەش هەنگاو بنێت"

پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەش کرد، هەنگاوەکانی پرۆسەکە دوو لایەنەیە و پێویستە لایەنی بەرامبەریش کە پەکەکەیە، بەگوێرەی هەنگاوەکانی دەوڵەت هەنگاو بنێت.

ڕێکخستن و چوارچێوەی یاسایی دادەنرێت

غالیپ ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لەو بارەیەوە گوتی " پرۆسەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت، لەسەر ڕێنمایی بەڕێز سەرۆککۆمار ڕێکخستنە یاساییەکان دەکرێن و پەرلەمان بڕیاری کارکردنی داوە، پلانمان وایە پێش پشووی پەرلەمان یاساکە دەربکەین. نابێت وا بیر بکەینەوە کە هیچ کێشەیەک نایەتە ڕێمان. ئەگەرێکی زۆر لاواز هەیە کە ڕەنگە هەندێک کار بکەوێتە مانگی ئەیلول، بکەوێتە ئەو کاتەش کێشە نابێت، ڕێکخستن و چوارچێوەی یاسایی دادەنرێت."

لە دەسەڵات و قەندیل و ئیمراڵییەوە ئاماژەی نەرێنی نییە

غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا بە کەناڵ8ـی گوت، هیچ ئاماژەیەکی نەرێنیی سەبارەت بە پرۆسەکە لە قەندیل، ئیمراڵی و پارتی دەمەوە نییە و پرۆسەکە وەک خۆی بەردەوامە.

داوایەک لە خەڵکی تورکیا

ئەنساریئۆغڵو داوای کرد خەڵک گوێ لەو لێدوانانە نەگرن لەبارەی بوونی کێشە لە پرۆسەکە دەدرێن و گوتی، ئەو لایەنانە دەیانەوێت پرۆسەکە شکست بهێنێت.

لێدوان لە چوارچێوەی سیاسییدا

غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە درێژەی قسەکانیدا دەرباری  پرۆسەکە گوتی " هیچ کێشە و کارێکی نەرێنیی لە پرۆسەکەدا نییە، تەماشای ئەوە مەکەن لە دەرەوەی پرۆسەکە باس دەکرێت. هەندێک لایەن بەهۆی ئەو دۆخە قورسەی تێیکەوتووە دەیەوێت پەیام بۆ جەماوەرەکەی بنێرێت، هەندێکیش دەیەوێت دەسەڵات تۆمەتبار بکات و پرۆسەکە پەک بخات. ئەوەی گرنگە لە هاوپەیمانیی جمهور، پارتی دەم، ئۆجەلان و قەندیلەوە هیچ ئاماژەیەکی نەرێنیی نییە، هەندێک لێدوان لە قەندیل و پارتی دەمەوە هەیە سەبارەت بە ئازادبوونی ئۆجەلان، بەڵام ئەوانە لێدوانن لە چوارچێوەی سیاسییدا."

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا