يەکەم دانيشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بەڕێوەدەچێت
شەشی ئەم مانگە يەکەم دانيشتنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەربەڕێوەدەچێت و 70 پەرلەمانتار لەلايەن سەرۆککۆمارەوە دیاریکراون.
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا
محەممەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکانی سووريا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانيدا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمانی سووریا) بەڕێوەدەچێت.
70 پەرلەمانتاریان لە لایەن سەرۆککۆمارەوە دیاریکراون
ئەنجوومەنی گەلی سووريا لە 210 ئەندام پێکهاتووە، بەگوێرەی دەستووری قۆناغی ڕاگوزەری سووريا، 70 پەرلەمانتار لەلايەن سەرۆککۆمارەوە دیاریدەکرێن، ئەندامەکانی ديکە کە دەکاتە دوو لەسەر سێ لە ڕێگەی هەڵبژاردنی گشتييەوە هەڵدەبژێردرێن و ساڵی ڕابردوو ئەو پڕۆسەيە لە سووريا بەڕێوەچوو.
11 ئەندامیان نوێنەری کوردن
لەکۆی ئەندامەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووريا 11 ئەنداميان نوێنەری کوردن، ساڵی ڕابردوو نۆ کەسيان هەڵبژێردراون و دوو ئەندامەکەی ديکە لەناو ئەو 70 ئەندامەدان کە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووريا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕايسپاردوون.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا تەنيا شەش ژن سەرکەوتوو بوون، بەڵام لەناو ئەو ئەندامانەی ئەحمەد شەرع دياريکردوون 15 ژن هەڵبژێردراون ئەوەش ژمارەکەی بۆ 21 ژن بەرزکردووەتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا