ئەمڕۆ یەکێتی و نەوەی نوێ هاوپەیمانێتیی "هاوسەنگی و بووژانەوە" واژۆ دەکەن
پاش 5 مانگ لە گفتوگۆ و نزیکبوونەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ گەورەترین هاوپەیمانێتیی پەرلەمانی ڕادەگەیێنن و بە 38 کورسییەوە نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگۆڕن.
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە هۆتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، ڕێورەسمی واژۆکردنی هاوپەیمانیی نێوان فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ بەڕێوەدەچێت. ئەم هاوپەیمانێتییە ناوی "هاوسەنگی و بووژانەوە"ی لێنراوە و بە سێیەم ڕێککەوتنی سیاسیی گەورە لە مێژووی یەکێتیدا دادەنرێت.
ئامانجە ستراتیژییەکانی هاوپەیمانێتی لە پەرلەمان
ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە چەند ئامانجێکی سەرەکی لەپشتە، کە گرنگترینیان تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا بایەخدارەکانە لە پەرلەمان، چونکە هیچ لایەنێک بە تەنیا زۆرینەی ڕەهای نییە. هەروەها دروستکردنی چاودێرییەکی بەهێز بەسەر کارەکانی حکومەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەدەستهێنانی پۆستە هەستیارەکان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەکان و یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان، لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنەن.
دیدگای لایەنگران و ئەندامانی هەردوو لایەن
ئەندامانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم هەنگاوە بە دەرفەتێک بۆ بووژانەوەی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دەبینن. لە بەرامبەردا، لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە تاکڕەوی سیاسی دەهێنێت و دەبێتە هۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یەکسان بۆ تەواوی هاونیشتمانیان بەبێ جیاوازی.
لە بانگەوازەکەی شاسوارەوە بۆ سێڵفییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرەتای ئەم نزیکبوونەوەیە بۆ 15ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک شاسوار عەبدولواحید بانگەوازێکی ئاراستەی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم. پاش کەمتر لە کاتژمێرێک، بافڵ جەلال تاڵەبانی بە بڵاوکردنەوەی سێڵفییەک وەڵامی دایەوە و ئامادەیی بۆ ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێز نیشاندا. دواتر لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەدا لە مانگی شوبات و ئازار، هەردوو لا بڕیاری تێکەڵکردنی فراکسیۆنەکانیان دا بۆ ئەوەی بە 38 کورسییەوە بچنە دانوستاندنەکانەوە.
ڕەنگدانەوەی هاوپەیمانێتییەکە لە بەغداد
پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە بەغداد دروستکردووە. ئەم هەماهەنگییە هاوکار بوو لەوەی یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق مسۆگەر بکات، لە بەرامبەریشدا نەوەی نوێ توانی پۆستی وەزارەتی ژینگە لە کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بەدەستبهێنێت. ئێستا ئەم هاوپەیمانێتییە وەک هەنگاوێکی کرداری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا