عومەر پێنجوێنى: هەرێمى کوردستان داوایکردووە لەبریى 120 ملیار تەنیا 60 ملیار دینار بداتە بەغداد

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وردەکاری نوێ لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "ڕێککەوتن لەسەر کێشەی داهاتە نانەوتییەکان نزیکە."

کێشەی داهاتە نانەوتییەکان لە نێوان هەولێر و بەغداد

د. عومەر پێنجوێنى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ 8ـى ڕاگەیاندووە، حکومەتى فیدراڵ تاوەکو ئێستا جەخت لەسەر وەرگرتنی 120 ملیار دینارى مانگانە دەکاتەوە وەک پشکی خەزێنەی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکانی، داوای کردووە بۆ ئەم مانگە تەنیا 60 ملیار دینار ڕادەستی بەغداد بکات.

گرەنتی مووچە و کاتی دابەشکردنی

سەبارەت بە دواکەوتنی مووچە، عومەر پێنجوێنى ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەرچی بۆ ئەم مانگە دابەشکردنی مووچە لە سەرتاسەری عێراق دواکەوتووە، بەڵام پارەکە گرەنتی کراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی دەکات بە ئەگەرێکی زۆرەوە، تاوەکو ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگات.

نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنی کۆتایی

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای جیاوازییەکان لەسەر بڕی پارەی ڕادەستکراو، بەڵام هەردوولا لە ڕێککەوتن نزیکن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی گفتوگۆکان بەردەوامە بۆ ئەوەی کێشەی تەمویلکردنی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا