ئێران: لە سەردەمی ئیدارەی ڕەئیسی گرێبەستی کشتوکاڵیمان لەگەڵ ئەمریکا هەبووە

سامیا حەسەن 1 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری کشتوکاڵی ئێران دان بەوە دەنێت وڵاتەکەی لە سەردەمی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران گرێبەستی کشتوکاڵییان لە کۆمپانیا ئەمرکییەکان هەبووە و دەشڵێت، "گرێبەستەکان لە ڕێگەی سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانییەوە کراوە".

ڕێککەوتنى نهێنى ئێران لەگەڵ ئەمریکا

دوای ئەوەی محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران ئێوارەی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە سەردەمی ئیدارەی ڕەئیسیدا کردبوو، دەستبەجێ قسەکانی لە پەخشی تەلەفزیۆنەکانی وڵاتەکە ڕاگیرا.

پشتڕاستکردنەوەى بابەتە نهێنییەکە

غوڵام ڕەزا نوری قزڵچە، وەزیری کشتوکاڵی ئێران هاتە سەر خەت و قسەکانی قالیبافی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند "بەشێک لە گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لە ڕێگەی سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیەوە کراوە. گوتیشی، گرێبەستەکان تەنیا لە ڕێگەی هەندێک کۆمپانیایی دیاریکراوی ئەمریکی بوون".

کاریگەریی ئەو بازرگانییە نهێنییەى ئێران و ئەمریکا

نووری قزڵچە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جۆر و ماددە کشتوکاڵییەکان بکات باسیلەوەشکرد، ئەو بازرگانییە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نرخی بەرهەمەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەی نەبووە و نرخەکان لەسەر بنەمای یاساکانی خۆیان لە بازاڕەکانی ئێراندا مامەڵەی پێوە کراوە.

مەرجەکانى ئازادکردنى دۆلارى بلۆککراوى ئێران

لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، سەروەت و سامانی ئازادکراوی ئێران تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی ئەمریکی دەبێت بەکاربهێنرێت، بەرپرسانی ئێرانیش چەند جارێک جەختیان کردووەتەوە، ئەوە خۆیانن بڕیار دەدەن چی لە پارەکانیان بکەن.

سامیا حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا