نەخشە ڕێگای لایەنەکان بۆ پەرلەمان؛ بۆچی ئۆپۆزسیۆن پێشنیازەکەی پارتی ڕەتکردەوە؟

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی پێشنیازی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات، بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە مەرج و گومانەوە سەیری دەستپێشخەرییەکە دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە.

بێ‌ متمانەیی هێزە سیاسییەکان بەرامبەر دەستپێشخەرییەکە

دەستپێشخەریی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، نەک هەر نەبووەتە خاڵی کۆکەرەوە، بەڵکو قووڵیی بێ‌ متمانەیی نێوان هێزە سیاسییەکانی نیشانداوە. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پێشوازییان لەم هەنگاوە نەکردووە و بڕوایان وایە ئەمە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی کێشەکان بۆ ناو پەرلەمان.

یەکگرتووی ئیسلامی: ناچینە پەرلەمانێکی بێ کۆدەنگی

مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاندووە، چوونە ناو پەرلەمانێک کە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەر نەبێت، بە واتای خۆهەڵقورتاندن دێت لە قەیرانێکی قووڵتر. یەکگرتوو کە خاوەنی 7 کورسیی پەرلەمانییە، بڕوای وایە پەرلەمان لەم بارودۆخەدا ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.

بزووتنەوەی گۆڕان: پەرلەمان شوێنی ڕێککەوتن نییە

جوانڕۆ محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە نەخشەڕێگای چارەسەر لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان دابڕێژرێت. لە تێڕوانینی بزووتنەوەی گۆڕاندا، پەرلەمان تەنیا شوێنی بڕیاردان و دەرچواندنی یاسایە، نەک ئەو شوێنەی کە ڕێککەوتنی سیاسی تێدا دروست بکرێت.

کۆمەڵی دادگەری: بڕیارمان داوە بایکۆت بکەین

محەمەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاندووە، کلیلی چارەسەری مەتەڵە سیاسییەکە لە گیرفانی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتیدایە. کۆمەڵی دادگەری بڕیاری کۆتایی خۆی داوە کە کشانەوە و پێداگیرییە لەسەر بایکۆتکردنی پڕۆسەکە و بەشداریی پەرلەمان ناکەن.

پێویستی بە کۆدەنگیی پێشوەختە

دیالۆگی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە شوێنێک کە پێویستی بە کۆدەنگیی پێشوەختە هەیە، هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ دروستبووە. ئەم لایەنانە بۆچوونیان وایە دەبێت بەرلەوەی بچنە ناو هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان، ڕێککەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێت، نەک وەک پێشنیازەکەی پارتی ناکۆکییەکان لە شەقامەوە بگوازرێنەوە بۆ ناو پەرلەمان.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا