لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا دوو گەنج لە شێلادزێ و ڕزگاری خنکان

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕووداوەکانی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوون دەکەن و لە دوایین ڕووداویشدا دوو گەنج لە کاتی مەلەکردن و ڕاوەماسیدا گیانیان لەدەستدا.

دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی 19 ساڵ لە شارۆچکەی ڕزگاری

ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو لە شارۆچکەی ڕزگاری، گەنجێکی 19 ساڵ لەپاش دیارنەمانی بۆ چەند کاتژمێرێک، تیمەکانی گەڕانی خستە ئامادەباشییەوە. ئەنوەر ئیبراهیم، بەرپرسی تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەرمیان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، پاش گەڕانێکی چڕ، پاسکیل و پێڵاوی گەنجەکە لە نزیک ئەستێلکێکی ئاو دۆزراوەتەوە. دواتر تیمەکانی ژێرئاوکەوتن دەستیان بە گەڕان کردووە و تەرمەکەیان لە ناو ئاوەکەدا دۆزیوەتەوە و پاش ڕێکارە پزیشکییەکان ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.

خنکانی مامۆستایەکی وانەبێژ لە زێی گەورە

درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕووداوێکی دیکەی خنکان لە سنووری شارەدێی شێلادزێ لە ئامێدی تۆمارکرا. قوربانییەکە پیاوێکی تەمەن 28 ساڵە بە ناوی (س. م) کە پیشەی مامۆستای وانەبێژ بووە لە کۆمەڵگەی سیریێ. ناوبراو بەبێ ئاگاداری کەسوکاری بۆ مەلەکردن و ڕاوەماسی چووەتە سەر زێی گەورە و دوای چەند کاتژمێرێک لە دیارنەمانی، بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە ناو زێیەکەدا دۆزرایەوە.

گومانی بەکارهێنانی تەزووی کارەبا بۆ ڕاوەماسی

لەبارەى هۆکاری خنکانی مامۆستاکەی شێلادزێ، کەسوکارەکەی گومانێکی جیاوازیان هەیە. ئەوان بۆچوونیان وایە خنکانی کوڕەکەیان تەنیا بەهۆی مەلەکردنەوە نەبووە، بەڵکو گومان دەکەن بەهۆی تەزووی کارەباوە بووبێت کە بۆ ڕاوکردنی ماسی بەکارهێنراوە. ئێستاش تەرمی مامۆستاکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کراوە بۆ ئەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی گیانلەدەستدانەکەی دیاری بکرێت.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا