ئێران: بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز لە ژێر فەرمانی ئێران دەبێت نەک سێنتکۆم

سامیا حەسەن 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کێشەکان و ئاڵنگارییەکان لەسەر گەرووى هوورمز
کێشەکان و ئاڵنگارییەکان لەسەر گەرووى هوورمز

ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ڕایدەگەیێنێت، کلیلی ئاسایشی ناوچەکە و گەرووی هوورمز لە دەست ئێراندایە و هیچ کۆبوونەوەیەکی سەربازی لەژێر چەتری واشنتن سەرکەوتوو نابێت.

فەرمانی بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز

کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی تیمی ئێران بۆ دانوستانە تەکنیکییەکان ڕایگەیاند، بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز تەنیا لە ژێر فەرمانی ئێراندا دەبێت و هێزەکانی سێنتکۆم هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا نابێت. ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆبوونەوە سەربازییەکانی بەحرەین ناتوانن ئاسایش و ماف بۆ ئاوەکانی کەنداو مسۆگەر بکەن.

مەرجی جێگیربوونی ئاسایشی ناوچەکە

سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران جەختی کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە تەنیا بە کۆتاییهاتنی دەستوەردانەکان و دەرچوونی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا مسۆگەر دەبێت. بە گوتەی غەریب ئابادی، پێویستە واقیعە جیۆپۆلۆتیکییە نوێیەکە قبوڵ بکرێت، چونکە ئاسایشی ڕاستەقینە لە ژێر چەتری سەربازیی ئەمریکادا بەرقەرار نابێت.

پێشکەوتن لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا

ئەم لێدوانانەی غەریب ئابادی لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە، بەرەوپێشچوونی باش لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەدیهاتووە. هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ڕوونتر درێژەیان هەبێت.

سامیا حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا