وەزارەتی نەوتی عێراق: پەرۆشین بە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ تورکیا
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پەرۆشن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهان، لەگەڵ تورکیادا.
ڕێکخستنەوەى هەناردەى نەوت
سەلیم روکابی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراقی بەپەرۆشە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ تورکیا پەیوەست بەهەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
دەشڵێت، گفتوگاکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامن بۆ گەیشتن بە شێوازێکی نوێیی ڕێکخستنی هەناردەکردنی نەوت لە قۆناغی داهاتوودا و ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنی هەردوو وڵات.
هەمەجۆرکردنى دەروازەکانى هەناردەى نەوت
روکابی ڕاشیگەیاندووە، ئێستا خوێندنەوە دەکرێت بۆ هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی خامی عێراق، بەوجۆرە نەرمیی زیاتر لە پرۆسەی هەناردەکردندا بنوێنێت، هەروەها توانای عێراق لە ئیدارەدانی ئەو پرسە پتەوتر بکات.
کۆتاییهاتنى ڕێککەوتنى هەناردەى نەوت بۆ جەیهان
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهان لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ کۆتایی دێت و ئیستا هەردوو وڵات سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێ.
مێژووی ئەم ڕێککەوتنە بۆ ساڵی 1973 دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 2010ـدا بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە، کە بڕیارە لە تەممووزی ئەمساڵدا وادەکەی کۆتایی بێت.
ئەردۆغان واژۆى هەڵوەشاندنەوەکەى کردووە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیارێکی فەرمی واژۆ کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕێککەوتنە نەوتییەی لەگەڵ عێراق هەیبوو. ئەم بڕیارە کە لە ڕۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆریی نەوتی جەیهان دەکاتەوە کە بە شادەمارێکی گرنگی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا