لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێداچوونەوە دەکرێت بۆ گرێبەستە نەوتییەکان
لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ چاکسازی ئابووری و زیادکردنی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی دەوڵەت، هەوڵدەدرێت بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و مۆڵەتەکانی کارکردنیان وەک یەکێک لە پرسەکانی پەیوەست بە داهاتووی ئابووری وڵات و پێگەکەی لە پارەدارکردنی بودجەی گشتی.
پێداچوونەوەى گرێبەستەکان
جاسم موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، ئاڕاستەیەک لە لیژنەکەیان هەیە بۆ پێداچوونەوە بۆسەر گرێبەستەکانی نەوت و مۆڵەتی کارکردن، دەشڵێت، ئەو پرسە پێویستی بە پێداچوونەوەی زۆر و فراوانە بەتایبەتی بۆ دیاریکردنی ئەو کێشانەی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا هەیە بەوجۆرەی لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمانی دەگونجێت، هەروەها بەهەدەردانی سەرچاوەی داهات کەم بکاتەوە.
دەشڵێت، پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان تەنیا گرێبەستی مۆڵەتەکانیان ناگرێتەوە بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆسەرجەم بوارەکانی کارکردن پەیوەست بە پڕۆسەی دەرهێنان و وەبەرهێنانی نەوتی بە ئاڕاستەی دانانی چارەسەرێک بۆ بەرزکردنەوەی ئەداى کارکردن و سوود وەرگرتن لەسەرچاوە نەوتییەکان، هەروەها دۆزینەوەی خاڵی لاوازی گرێبەستەکان.
کارى پاڵاوگەکان وەک پێویست نییە
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لە پاڵاوگەکان کە لەسەر تێچووی حکومەت بونیادنراوە، ئامانجەکانیان نەپێکاوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی جێبەجێکردنیان کۆمپانیایەک بووە کە ئاستی کارکردنی بەشێوەی گونجاو و داواکراو نەبووە بووەتەهۆی تەگەرەخستن لەو پڕۆژەیە و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەرى.
پاراستنى سەرچاوەکانى سامانى سرووشتى
ئەم پرسی پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان پەیوەندی زۆری بە پرسی گەندەڵییەوە هەیە، چونکە بە بۆچوونی بەرپرسانی حکومەتی عێراق، پاراستنی داهاتی گشتی تەنیا بە گەڕاندنەوەی پارە و بەدواداچوونی گەندەڵکاران نییە بەڵکو پەیوەستیشە بە پاراستنی سەرچاوەکانی سامانی نیشتمانی و شەفافبوونیان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا