محەممەد حەکیم: ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ هەنگاوێکی نوێیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازن لە پێکهێنانی کابینەی داهاتوودا.

ڕێککەوتنەکە وەک قۆناغێکی نوێ

محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان سەیر دەکەن.

ئازادیی لایەنەکان لە هاوپەیمانێتی

گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ئازادن لەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ چ لایەنێکدا دەکەن و چۆن بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسی و کاری پەرلەمانیی خۆیان دەدەن.

هیوا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ

محەممەد حەکیم ئاماژەی بەوەش کرد، کە وەک کۆمەڵی دادگەری هیوا دەخوازن ئەم هەنگاوە و ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە ببێتە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا