ڕۆڵی پشکنینی شەکرەی سێ مانگی لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە
د. عارف گۆران، پزیشکی پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو، چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە پشکنینی شەکرەی سێ مانگی بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.
گرنگیی ئەنجامدانی پشکنینی شەکرەی سێ مانگی
پزیشکەکە دەڵێت '' زۆر ڕێگا هەن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەكرە، یەکێک لە ئەو ڕێگایانە پشکنینی خوێنی شەکرەی سێ مانگی ( HbA1c ) ـە، دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە لەكاتێكی زوودا، واتە بەرلەوەی نەخۆشییەكە پەرەبسەنێت ئەنجام دەدرێت، چاودێریکردنی بارودۆخ و ئاستی بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە لە ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان ھەیە ئێجگار گرنگە، ھەموو ڕاستیە زانستییەکان ئەوەمان پێدەلێن کە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرە دەبێتەھۆی نەھێشتن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەخوازراوەکانی نەخۆشییەکە. بە پێچەوانەوە ئەگەر كەمتەرخەمی بكرێت ودرەنگ دەستنیشان بكرێت، کۆمەلێک ئاستەنگی بۆ چارەخوازەکە دروست دەكات'' .
دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە بەپێی ئەنجامەکانی پشکنینی شەکرەی سێ مانگی
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت '' پشکنینی شەکرەی سێ مانگی لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێنەوە، پێمان دەڵێت کە رێژەی شەکری خوێنی جەستەی چارەخوازەکە لە ماوەی سێ مانگدا چەند بووە . سالانێکی زۆر ئەو پشکنینە بۆ چاودێریکردنی کۆنترۆڵی چارەخوازانی شەکرە بەکاردەھێنرا، ئێستە ئەو پشکنینە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا جگە لە ھەندێک حاڵەتی تایبەت نەبێت، دەتوانرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە بەکاربھێنرێت ، پشکنینی شەکرەی سێ مانگی بە ڕێژەی سەرووی 6.5 % ئەوە دەگەیەنێت کەسەکە نەخۆشیی شەکرەی ھەیە . ڕێژەی 5.7 بۆ 6.4 % بە قۆناغی پێش شەکرە دەدەنرێت، رێژەی خوار لە 5.7 % بە ئاستی ئاسایی شەکری خوێن پێناسە دەکرێت ''.
'' پشکنینی شەکرەی سێ مانگی تەنیا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە نییە ''
د. عارف گۆران دەڵێت '' پشکنینی شەکرەی سێ مانگی جگە لە یارمەتیدان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە بۆ چاودێریکردنی نەخۆشیی شەکرە بەکاردەهێنرێت، مەبەست لەئەنجامدانی ئەم پشکنینە ئەوەیە كە چارەخواز ئاگاداری دۆخی نەخۆشییەکەی بێت و بەگوێرەی ئەنجامی پشکنینەکەی چارەسەری گونجاوی بۆ بكرێت، پزیشکی پسپۆر دەبێت بڕیار لەسەر زیادکردنی دەرمانی پێویست بدات بۆ چارەخوازەکە، ئەگەر کۆنترۆلی نەخۆشییەکە باش نەبێت''.
3 کاتژمێر پێش ئێستا