پشوو درێژى ئێرانییەکان لە نێوان چنینى فەرش و دانوستاندنە سیاسییەکانیان
لە چنینی فەرشى ئێرانی و دانیشتنە ئاڵۆزە دیپلۆماسییەکانەوە بۆت دەردەکەوێت، ئێرانییەکان لە ئارامی و پشوو درێژیدا لێهاتوون، ئەم توانایە بە ئاشکرا لە کۆتا کاتژمێرەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 دەرکەوتن، ڕێک ئەو ساتەی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکی لەسەر مێزی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەستیکرد بە گریان.
سەرسام بوون بە ئێرانییەکان
ویندی شیرمان، کە لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ساڵی 2015، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا بوو، لە یادەوەرییەکانی خۆی باسی چیرۆکی چۆنیەتی سەرسامبوونی بە هاوتا ئێرانییەکەی دەکات، کە عەباس عێراقچی، وەزیری ئێستای دەرەوەی ئێران، سەرۆکى تیمى دانوستانکارى ئێران بووە.
یاریکردن بە دانوستانەکان و گریانى وێندى
ویندی نووسیویەتی، پاش دوو ساڵ لە دانوستانێکی تاقەتپڕوکێن و قورس و لەگەڵ نزیکبوونەوەیان لە کۆتایی، ڕێک لەو ساتەدا و لە ناکاو عێراقچی داوا دەکات دیسان گفتوگۆ لەسەر خاڵێک بکەن کە پێشتر یەکلاییان کردبووەوە، لەو ساتە ئارامی ویندی نامێنێت و هەر لەوێدا دەست دەکات بە گریان.
عێراقچى: ئەمە یەکەمجارە ببینم دانوستانکارێک دەگرى
ویندی لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت، بە گریانەوە توڕە بووە و گوتوویەتى، کۆتا وادەیان تێپەڕاندووە، خەریکە پشووی کۆنگرێس دەستپێدەکات و ئێوە هەموو کارەکانی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە، لەوێدا و بە دەم فرمێسکەکانی ئەم بەرپرسە ئەمریکییەوە، ئێرانییەکان هەستیان کرد، دۆخەکە جدییە و بڕیاریاندا لەو سنوورە بووەستن، عێراقچی لە کتێبەکەی خۆی لەسەر ئەم بابەتە نووسیویەتى، "ئەمە یەکەمجار بوو دانوستانکارێک ببینم لەسەر مێزەکە بگری".
یاریکردنى ئێرانییەکان بە هزر و مێشکى بەرامبەر
ویندى، ئەم چیرۆکە تەنیا وەک ڕووداوێک ناگێڕێتەوە، بەڵکو باس لە ئێرانییەکان و تواناکانیان دەکات کە چۆن یاریی بە هزر و مێشکی کەسی بەرامبەر دەکەن، تاوەکو کۆتا سات، هەر ئەم ناوبانگە وای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی بڵێت، ئێران هەرگیز هیچ جەنگێکی نەبردووەتەوە، بەڵام هیچ دانوستانێکیشی نەدۆڕاندووە.
"دوژمنە بەڕێزەکەم"
هەر ئێرانییەکان وایانکرد، هێنری ئەلفرێد، دیپلۆماتکاری سیاسی ئەمریکی کتێبێکی ناوداری خۆی بە ناوی دیپلۆماسییەت بداتە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی ئێران و بنوسێت "بۆ دوژمنە بەڕێزەکەم".
مێژووى پشوودرێژى و ئارامى ئێرانییەکان
ئەم ئارامیی و پشوو درێژییەی ئێران لە خۆیەوە دروستنەبووە، لە شۆڕشی 1979ـوە دانوستان بۆ تاران بووەتە درێژکەرەوەی گرژییەکان، نەک کۆتاییهێنان، ئەمە بە ڕوونی لە قەیرانی بارمتەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران دەرکەوت، کە 444 ڕۆژ ڕووداوەکە بەردەوام بوو، ئیتر لێرە دەسەڵاتدارانی نوێی ئێران فێربوون چۆن کات بگۆڕن بۆ فشارێکی دەروونی و کارتی براوەی ناو گۆڕەپانی سیاسیی، ئەمەش وایکرد هەر زوو لەلای ئەورووپییەکان جۆرە ناوبانگێکیان بۆ دروستبێت، کە ئەویش ئەوەیە، ئێرانییەکان دانوستان بە پڕۆسەیەکی بەردەوام دەبینن، نەک کۆتا وێستگەی گفتوگۆکان.
12 ساڵ دانوستاندن چەند ڕوخسار گۆڕدران بەڵام ئێرانییەکان لەسەر مێزەکە ئامادەبوون
لە نێوان ساڵەکانی 2003 و 2015شدا، دانوستانەکانی پڕۆگرامی ئەتۆمی دەستیانپێکرد، لەماوەی زیاتر لە 12 ساڵدا دەموچاوی سەرکردەکان گۆڕان، حکومەتەکان لە واشنتن و ئەورووپاش وەک خۆیان نەمان، سزاکان زیادیانکرد، هەڕەشەکانی سەر ئێران لە هەڵکشاندابوو، بەڵام شاندی ئێرانی بە هێمنی هەر لەسەر مێزی گفتوگۆکان دانیشتبوون، لە دیدگای جیهاندا وێنای شاندێکی ئارامیان دروستکرد کە دەزانن چۆن لایەنی بەرامبەر ماندوو بکەن، تاوەکو ئەو ساتەی خۆیان بێزاردەبن، بەڵام ئەوان دادەنیشن و بێ کۆتا دانوستان دەکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا